بانکی جیهانی بە 100 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی سووریا دەکات
بانکی جیهانی، رەزامەندی نیشانداوە لەسەر پێدانی بەخشینێک بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بە مەبەستی پشتگیریکردنی هەوڵەکانی نوێکردنەوەی کەرتی دارایی لە سووریا و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بانکی جیهانی رەزامەندیی لەسەر پێشکەشکردنی بەخشینێک بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار دەربڕیوە، کە تەرخان کراوە بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی نوێکردنەوەی کەرتی دارایی لە سووریا، لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی چاکسازیکردن و بەهێزکردنی ژێرخانی بنەڕەتیی داراییە لەو وڵاتەدا.
ئەم بەخشینە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان دێت بۆ پاڵپشتیکردنی پەرەپێدانی دامەزراوەکان و سیستمە داراییەکان، باشترکردنی کارایی کەرتی بانکی، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەقامگیری دارایی و ئاسانکردنی چالاکییە ئابووری و وەبەرهێنانییەکان لە سووریادا.
پشتیوانیکردنی کەرتی دارایی بە یەکێک لە دۆسیە بنەڕەتییەکان و لەپێشینەکانی بەردەم ئابووریی سووریا دادەنرێت، بە تایبەتی لەبەر پێویستیی مۆدێرنکردنی سیستمە دارایی و بانکییەکان، بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوەکان و بەرفراوانکردنی ئاستی وەڵامدانەوەیان بۆ پێداویستییەکانی گەشەپێدانەوەی ئابووری لە قۆناخی داهاتوودا.
راگەیاندنی ئەم هاوکارییە داراییە لە کاتێکدایە کە سووریا هەوڵ دەدات بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی دامەزراوە ئابووری و داراییەکانی، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیدا بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەکانی پەیوەست بە بووژانەوەی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی وڵات.