کتێبی "بیرانی شەڕڤانێک" بڵاودەکرێتەوە

نووسەر و چیرۆکنووسی گەنجی شاری هەولێر، ئەحمەد کامەران، نوێترین بەرهەمی ئەدەبی خۆی بە ناونیشانی "بیرانی شەڕڤانێک" بڵاودەکاتەوە، کە رۆمانێکی سیاسی و مێژووییە و لە رووداوی راستەقینەوە وەرگیراوە.

رۆمانی "بیرانی شەڕڤانێک" جیاواز لە بەرهەمەکانی پێشووی نووسەر، کە تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاندووە؛ لە ئەنجامی گەشتێکی راستەوخۆ و درێژخایەنی بۆ رۆژئاوای کوردستان نووسراوە. چیرۆکی رۆمانەکە باس لە ژیانی کچە شەڕڤانێکی یاخی و زیرەک دەکات بەناوی "شلێر". شلێر کچی پێشمەرگەیەکی دێرینە لە سەدەی رابردوودا لەگەڵ رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، مەلا مستەفای بارزانی خەباتی کردووە.

رۆمانەکە گەشتێکی ئەدەبییە لە چیاکانەوە، وەک مۆمی بەرخودان دەستپێدەکات، تا ئەو کاتەی شلێر دەبێتە فەرماندەیەک لە رۆژئاوای کوردستان. نووسەر لەم بەرهەمەدا هەوڵیداوە کۆمەڵێک راستی مێژوویی و پرسی نەگوتراو بهێنێتە سەر زمان کە پێشتر باس نەکراون.

ئەحمەد کامەران ئەم رۆمانەی پێشکەش بە روحی پاکی شەهید ئەحمەد هێمن کردووە، کە هاوڕێ و هاوسەنگەری نزیکی نووسەر بووە لە رۆژئاوای کوردستان. 

ئەحمەد کامەران، لەدایکبووی ساڵی 1998ـی شاری هەولێرە. ماوەی شەش ساڵە لە بواری نووسیندا کاردەکات و خاوەنی چەندین وتار و لێکۆڵینەوەیە لە رۆژنامە و ماڵپەڕەکاندا. "بیرانی شەڕڤانێک" دەبێتە پێنجەمین کتێبی چاپکراوی ناوبراو، دوای هەریەکە لە بەرهەمەکانی رۆژێکم لەگەڵ ئازارەکانی کچێک 2020، پەپوولە باڵشکاوەکان 2020، نامەی کچێکی مردوو 2021 هەروەها جەنگ لەگەڵ مەرگ و ژیاندا ساڵی 2022.