لە مەریوان شانۆگەری "خەونی سەوز" نمایشکرا
شانۆگەری "خەونی سەوز"، کە لە نووسین و دەرهێنانی سۆران حوسێنییە، بەبەشداری 16 ئەکتەر و لە ماوەی دوو رۆژدا نزیکەی سی هەزار کەس سەیری ئەو نمایشەیان کرد، لە کەناری دەریاچەی زرێبار لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان نمایشکرا.
ئەمڕۆ شەممە، 8ی ئابی 2026، سۆران حوسێنی، دەرهێنەری ئەم شانۆگەرییە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو شانۆگەرییە، بە شێوەی نمایشی هونەری ژینگەییە، لەسەر بنەمای شانۆی جەستەیی دروست کراوە؛ کارێک کە بە پشتبەستن بە زمانی جەستە، جووڵە، میوزیک و وێنە، هەوڵ دەدات پەیوەندی مرۆڤ و سروشت و گرنگی پاراستنی ژینگە بگەیەنێتە بینەران."
گوتیشی، "ئەم نمایشە هونەرییە هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە رێگەی هونەرەوە، کۆمەڵگە زیاتر لە مەترسییەکانی سەر ژینگە و گرنگی پاراستنی سروشت و زاگرۆس ئاگادار بکرێتەوە. هەروەها هەڵبژاردنی کەناری دەریاچەی زریبار بۆ پێشکەشکردنی ئەم کارەش پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ناوەڕۆکی نمایشەکەوە هەیە، چونکە زریبار و سروشتی دەوروبەری، بەشێکە لە ناسنامەی ژینگەیی و کولتووری ئەم ناوچەیە."
ئەو دەرهێنەرە باس لە ئامانجی ئەو شانۆگەرییە دەکات و دەڵێت، "شانۆگەری "خەونی سەوز"، کارێکی سەربەخۆی گرووپی نێودەوڵەتی شانۆی زێد ـ مەریوانە و بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی کولتووری پاراستنی ژینگە، رێزگرتن لە زاگرۆس و بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە رێگەی هونەرەوە بەرهەم هاتووە."
دەربارەی رێزگرتن لەو رێکخراوانەی کاریان پاراستنی ژینگەیە، سۆران حوسێنی دەڵێت، "ئەم شانۆگەرییە تەنیا نمایشێکی هونەری نییە، بەڵکو جۆرێکە لە رێزلێنان بۆ هەموو ئەو کەس و رێکخراوانەی کە بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی زاگرۆس هەوڵ دەدەن، بە تایبەتی ئەنجومەنی سەوزی چیا کە لە بواری پاراستنی ژینگەدا چالاکی دەکات."
سۆران حوسێنی ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم شانۆگەرییە لە رێگەی زمانێکی جیاواز و بێ وشەی شانۆی جەستەییەوە، پەیامی پاراستنی سروشت دەخاتە بەردەم بینەر و هەوڵ دەدات هونەر ببێتە پردێک بۆ نزیککردنەوەی مرۆڤ لە ژینگە و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی."
ئەکتەرە بەشداربووەکانی شانۆگەرییەکە بریتین لە، ئارینا زەراری، کانیا زادسەر، ساناز یوسفی، واران موختاری، مێژوو محەمەدی، سیاوەش زیایی، ئامانج مولانی، لیا میهن پەرست، پەرهام شیرمحەمەدی، هاوناز بادسەر، پەرهام قادری، ئایلا زەبیحی، کارینا مەساعد، مەرجان رەحمانی، پریا ئەمانی و شەهاب شەریفی. هەروەها کاری میوزیکی ئەم نمایشە هونەرییە لەلایەن هێمن ئەنساری و محەمەد رۆژخۆشەوە ئامادەکراوە.