محەممەد حاجی مەحموود: ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت دزی نییە، بەڵکوو تاڵانییە
محەممەد حاجی مەحموود داوای یەکڕیزیی لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 08ـی ئابی 2026، لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، رێوڕەسمێکی تایبەت لە گوڵەخانە بەڕێوەچوو. لەم بۆنەیەدا محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتەکە، گوتارێکی پێشکەش کرد و چەند پەیامێکی ئاراستەی لایەنە ناوخۆیی و عێراقییەکان کرد.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات تیشکی خستە سەر رۆڵی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و گوتی، ئەگەر پەرلەمان لە دوو ساڵی رابردوودا کارا بووایە، دەکرا چەندین یاسای نوێ دەربکرێن، هەروەها ئەو بڕیارانەی لەلایەن بەغداوە دژی هەرێمی کوردستان دەرچوون هەڵبوەشێندرێنەوە.
لەم سۆنگەیەوە سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات داوای لە سەرجەم هێزەکان کرد هاوکار بن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و خێراکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەد حاجی مەحموود باسی لە بارودۆخی عێراق کرد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد باشترین بژاردە بۆ زامنکردنی پێکەوەژیان لە وڵاتەکەدا پەنابردنە بۆ سیستەمی کۆنفیدراڵی.
محەممەد حاجی مەحموود ئامۆژگاریی حکوومەتی عێراقیشی کرد سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرێت، هەروەها بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکات بۆ پاراستنی خۆی لەو ئاڵۆزییانەی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.
سەبارەت بە دۆخی دارایی و گەندەڵی لە عێراق، ئەو سەرکردەیە رەخنەی توندی گرت و روونی کردەوە، ئەوەی ئێستا لەوێ روو دەدات دزیی ئاسایی نییە، بەڵکوو پرۆسەی تاڵانکردنە، بەتایبەتی کاتێک دەبینرێت دۆلاری دزراو بە بارهەڵگری گەورە لە ماڵەکانەوە دەگوازرێتەوە.
محەممەد حاجی مەحموود پێی وایە، گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی گرێدراوی پرسی کوردن، دووپاتیشی کردەوە، بەبێ بوونی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان، سەقامگیری لە هیچ بەشێکی ناوچەکە بەدی نایەت.
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەشتی ئابی ساڵی 1976 دامەزراوە. ئەم پارتە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورددا رۆڵی بینیوە و بەشداریی لە چەندین شۆڕش و راپەڕیندا کردووە.
بنکەی سەرەکیی پارتەکە لە گوندی گوڵەخانەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە و لەلایەن محەممەد حاجی مەحموود، ناسراو بە (کاکە حەمە)وە سەرۆکایەتی دەکرێت.
پارتی سۆسیال دیموکرات لە زۆربەی خولەکانی پەرلەمانی کوردستان و کابینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نوێنەرایەتیی هەبووە.