فیدان: رێککەوتننامەی مەککە دژی ئێران نییە

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد، "رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش" لە رووی تەکنیکییەوە هاوشێوەی بنەمای بەرگریی بەکۆمەڵی هاوپەیمانیی ناتۆیە. جەختی کردەوە، ئەم رێککەوتنە ئێران یان هیچ وڵاتێکی دیکە ناکاتە ئامانج، تا ئەو کاتەی هێرش نەکەنە سەر وڵاتانی ئەندام.

شەممە، 8ـی ئابی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش لە رووی تەکنیکییەوە هاوشێوەی بنەمای بەرگریی بە کۆمەڵە کە لە ماددەی پێنجەمی پەیماننامەی ڕێکخراوی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)دا هاتووە.

هاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، رێککەوتننامەی مەککە، ئێران یان وڵاتێکی دیکە ناکاتە ئامانج، بەو مەرجەی هێرشی نەکرێتە سەر وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتنەکە.

فیدان روونی کردەوە، ئەو ڕێککەوتننامەیەی لە لایەن سعوودیە، تورکیا و پاکستانەوە واژۆ کراوە، پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاری هاوشێوەی میکانیزمەکانی کارکردنی ناو هاوپەیمانیی ناتۆ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ سکرتاریەتێکی گشتی بۆ هەماهەنگیکردنی کارەکانی رێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی.

هاوکات ئاشکرای کرد، ئەگەری هەیە میسر بێنە نێو رێککەوتنەکەوە، بە مەرجێک هەندێک پرسی تەکنیکی چارە بکرێن.

سەبارەت بە دەریای سوور، فیدان رایگەیاند: پاراستنی سەلامەتیی هاتوچۆی دەریاوانی پەیوەندیی بە بەرژەوەندییەکانی تورکیاوە هەیە، جەختی لە پێویستیی بوونی تورکیا کردەوە وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی و دابینکردنی ئاسایشی رێڕەوە دەریاییەکان.

شاری مەککە، رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، شایەتی واژۆکردنی "رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش" بوو لە نێوان سعوودیە، تورکیا و پاکستاندا، لە هەنگاوێکدا کە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگری و چەسپاندنی سیستمی بەرپەرچدانەوەی بە کۆمەڵە، بە شێوەیەک کە پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بکات.

واژۆکردنی رێککەوتننامەکە لە میانی لوتکەی مەککەی پیرۆز بۆ بەرگریی هاوبەش هات، کە شێخ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کۆبوونەوە. سەرکردەکان پەیوەندییە نایابەکانی نێوان هەر سێ دەوڵەتەکەیان تاوتوێ کرد و باسیان لە چەندین پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی جێی بایەخی هاوبەش کرد.

رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش دەقێکی تێدایە کە دەڵێت: هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر سەرجەم وڵاتانی ئەندام دادەنرێت، بەمەش بنەمای بەرپەرچدانەوەی بە کۆمەڵ بەهێز دەکرێت و پابەندبوونی هاوبەشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەروەرییان بکاتە ئامانج دووپات دەکاتەوە.

هەروەها رێککەوتنەکە ئامانجی پەرەپێدانی لایەنە جیاوازەکانی هاوکاریی بەرگری و سەربازی و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان هەر سێ وڵاتەکەیە، بە جۆرێک ئاستی ئامادەیی و توانایان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییە هاوبەشەکان بەرز بکاتەوە.

ئەم ڕێککەوتننامەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سعوودیە، تورکیا و پاکستان دێت بۆ قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژی و بەهێزکردنی هەماهەنگیی سیاسی و بەرگری، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و پشتیوانی لە ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بکات لە ژێر رۆشنایی گۆڕانکارییە خێراکاندا.