محەمەد حاجی مەحموود: سەرۆک بارزانی پەرۆشی یەکخستنی نێو ماڵی کوردە
سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، دووپاتی کردەوە، سەرۆک بارزانی ئامادەیی خۆی بۆ چارەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان پیشانداوە. گوتیشی: جەنابی سەرۆک پەرۆشی یەکخستنی نێو ماڵی کوردە.
شەممە، 8ـی ئابی 2026، محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ کوردستان24ـدا، گوتی: ئەگەر پارتی و یەکێتی پێکەوە کۆبوونەوە و رێکبکەون، کێشەکانی پەرلەمان، حکوومەت و سەرجەم پرسە سیاسییەکان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا چارە دەبن.
لە بارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، گوتی: قەوارەکە بە خوێنی پێشمەرگە پارێزراوە و پاراستنی ئەم قەوارەیەش ئەرکی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانە، چونکە خراپترین حکوومەتی نێوخۆیی لە باشترین حکوومەتەکانی جیهان بۆ کورد باشتر و هەمیشە شەرەفمەندانەترە.
محەمەد حاجی مەحموود، باسی لە سەرۆک بارزانی کرد و رایگەیاند: "من لە ماوەی رابردوودا سەردانیم کرد و لەو دیدارەدا، جەنابی سەرۆک بە تەواوی ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەنگاونان بەرەو چارەکردنی کێشەکان و کارئاسانی بۆ لایەنەکان، هەروەها جەنابیان پەرۆشی یەکخستنی نێو ماڵی کوردە".