سعوودیە: ئاگرەکەی پاڵاوگەی ئارامکۆ کۆنترۆڵکرا
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، وەزارەتی وزەی سعوودیە رایگەیاند، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە ئاگرێک کۆنتڕۆڵ بکەن کە لە یەکێک لە بەشەکانی پاڵاوگەی ئارامکۆ لە شاری جازان لە باشووری رۆژئاوای سعوودیە کەوتبووەوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی وزەی سعوودیە کە لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' بڵاو کراوەتەوە، هاتووە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ئاسایشی پیشەسازیی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ئاگرێکیان لە یەکێک لە بەشەکانی پاڵاوگەی ئارامکۆ لە جازان کوژاندەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە."
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممەی رابردووش، 11 کەس لە ناوچەی سنووریی نەجران لە باشووری سعوودیە، بەهۆی هێرشێکی حووسییەکانەوە بریندار بووبوون. هەروەها لە 25ـی تەمووزدا، حووسییەکان رایگەیاندبوو بنکەکانی ئارامکۆیان لە جازان و یەنبوع بە مووشەک و درۆن کردووەتە ئامانج.
لە لایەکی ترەوە، لە سەرەتای تەممووزی ڕابردووەوە گرژییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن پەرەی سەندووە، بە جۆرێک کە حووسییەکان فراوانکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی سعوودیە راگەیاند، لە بەرامبەریشدا ریاز هێرشکردنە سەر کەشتییەکی خۆی پشتڕاستکردەوە و هێرشی ئاسمانیشی کردە سەر پێگەکانی حووسییەکان لە پارێزگای حودەیدە.
لە پێناو پاراستنی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکاندا، سعوودیە لەم دواییانەدا پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دەریایی بەرگریی راگەیاند بە بەشداریی چەندین وڵات، لەوانە: ئەمەریکا، یەمەن، کوەیت، عومان، ئوردن، سوودان، مەغریب، ماڵدیڤ، بەنگلادیش و نیوزلەندا.