هەولێر.. غەفار قەنبەرپوور پێشانگەیەکی تایبەتیی خۆشنووسی کردەوە

غەفار قەنبەرپوور، هونەرمەندی خۆشنووس و کوردی کرمانجیی باکووری خوراسان، پێشانگەیەکی تایبەت بە تابلۆ خۆشنووسییەکانی لەژێر ناونیشانی "سەرچاوە"، لە ناوەندی گەنجانی هەولێر کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، غەفار قەنبەرپوور، هونەرمەندی خۆشنووس، دەربارەی کردنەوەی پێشانگە تایبەتەکەی بە کوردستان24ـی گوت "لەم پێشانگەیەدا تابلۆ خۆشنووسییەکانم لەسەر بنەمای پەیوەندیی نێوان دەق، پیت، فۆرم، ڕەنگ و بۆشایی دروست بوون. من پیتەکان بە شێوەیەکی کلاسیکی تەنیا ڕیز ناکەم بۆ ئەوەی دەقێک بخوێندرێتەوە، بەڵکو پیت دەکەمە کەرەستەیەکی بینایی و هەندێک جار دەق لە سنووری مانای ڕاستەوخۆی خۆی دەردەچێت و دەبێتە بەشێک لە کۆمەڵێک هێڵ و جووڵەی هونەری."

گوتیشی "لە تابلۆکانی مندا، پیتەکان دەتوانن وەک جەستەی مرۆڤ بجووڵێن، هێڵەکان دەتوانن ریتم دروست بکەن و کۆبوونەوەی وشە و پیتەکان دەتوانێت هەستێکی تایبەت دروست بکات، بەم شێوەیە، بینەر پێویستی نییە هەموو دەقەکە بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەرییەکەی هەست پێ بکات؛ هەندێک جار خودی شێوەی پیتەکان دەبێتە پەیام."

ئەو هونەرمەندە لە کارەکانیدا باس لە پەیوەندیی نێوان ئەدەب و خۆشنووسی دەکات و دەڵێت "لەم پێشانگەیەدا، ئەدەب و خۆشنووسی لە دوو جیهانی جیاوازدا نین؛ دەق دەبێتە بنەمای بەرهەم و خۆشنووسی دەبێتە شێوەی بینراوی ئەو دەقە. لەم پەیوەندییەدا، وشە تەنیا بۆ خوێندنەوە نییە، بەڵکو دەبێتە هێڵ و رەنگ و فۆرم. بۆیە ئەو پێشانگە تایبەتییەم لە هەمان کاتدا پێشانگەی خۆشنووسی و پێشانگەی یادەوەرییە؛ پێشانگەیەکی گەڕان بەدوای ئەو وشانەیە کە لەگەڵ زمانەکەدا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستراونەتەوە."

دەربارەی کارە خۆشنووسییەکانی بە زمانی فارسی و عەرەبی، غەفار قەنبەرپوور دەڵێت  "چەندین ساڵە زمان ماددەی سەرەکیی بەرهەمە هونەرییەکانم بووە، زیاتر بە فارسی و عەرەبی، بەڵام ئەمڕۆ ئارەزوومەند بووم ئەم رێگەیە لە زمانی باوباپیرانمەوە، واتە زمانی کوردی، بەردەوام بکەم. ئەم گۆڕانە لە زمانی بەکارهاتوو لە بەرهەمەکانمدا، لە راستیدا گۆڕانێکی سادەی زمانی نییە، بەڵکو هەڵبژاردنێکی هونەری و ناسنامەییە، من لە رێگەی پیت و وشەی کوردییەوە هەوڵ دەدەم پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ ئەو میراتە دروست بکەم کە لە ژینگەی خوراساندا پارێزراوە."

غەفار قەنبەرپوور ئاماژەی بەوەش دا "هەڵبژاردنی شاری هەولێر بۆ کردنەوەی ئەم پێشانگەیەم مانای تایبەتی هەیە؛ شارێک کە بە مێژوو و کولتووری کوردی پەیوەندییەکی قووڵی هەیە، میوانداریی بەرهەمەکانی من دەکات کە لە دوورترین بەشەکانی ژینگەی کوردییەوە هاتووم بۆ ئەوەی بە زمانی هونەر گفتوگۆیەکی نوێ لەگەڵ سەرچاوەکەی خۆم بکەم."

پێشانگەی تایبەتیی خۆشنووسیی غەفار قەنبەرپوور لەژێر ناونیشانی "سەرچاوە"، رۆژی شەممە، 8ی ئابی 2026، لە ناوەندی گەنجانی هەولێر کرایەوە و ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.

غەفار قەنبەرپوور، هونەرمەندی خۆشنووس، لە ساڵی 1981 لە شاری دەرگەز لە پارێزگای خۆراسانی رەزەوی لەدایک بووە. خۆی بە کوردی کرمانجیی خوراسان دەزانێت؛ کۆمەڵێک کورد کە بەهۆی دووریی جوگرافییەوە بۆ ماوەی نزیکەی پێنج سەدە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان جیا بوونەتەوە، قەنبەرپوور خاوەنی بڕوانامەی مامۆستایەتییە لە بواری خۆشنووسیدا و بەرهەمەکانی لە چەندین پێشانگەی نێودەوڵەتیدا نمایش کراون. ئەزموونی ئەو لە خۆشنووسیدا، لە تابلۆکانیدا تەنیا بە وردیی نووسینی پیتەکان دیار نییە، بەڵکو لە هەڵبژاردنی شوێنی پیت، پەیوەندیی نێوان رەنگ و دەق، ریتمی هێڵەکان و بەکارهێنانی بۆشاییی ناو تابلۆکانیشدا دەردەکەوێت.