سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پەرلەمانتارێكی ئەڵمانیا دەكات
سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ئەندام پەرلەمانێکی ئەڵمانیا کرد و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی کرد لە بەرگرییکردن لە دۆزی کورد و پەنابەران؛ لە بەرامبەردا پەرلەمانتارە ئەڵمانییەکە پێزانینی بۆ رۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی و ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
بارەگای بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 9ـی ئابی 2026 لە پیرمام سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەردار یوكسەل ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سەردار یوكسەلـی كرد و خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند كە گەنجێكی كورد توانیویەتی رۆڵی لە ناوەندە سیاسی و پەرلەمانییەكانی وڵاتی ئەڵمانیادا هەبێت و دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونەكانی كرد لە بوارە جۆراوجۆرەكان و بەرگریكردن لە دۆزی كورد و پەنابەران لە ئەڵمانیا.
لە راگەیندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بنەما و پڕەنسیپەكانی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستان جەختی لە ئاشتیانەبوونی دۆزی گەلی كوردستان كردەوە كە دەبێت كێشەی گەلی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ و بە شێوازی سەردەمیانە چارەسەر بكرێت.
بارەگای بارزانی دەشڵێت: هەر لەو دیدارەدا سەردار یوكسەل پێزانینی بۆ رۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە ئازادیخوازی و خەباتی گەلی كوردستان و هەروەها شەڕی تیرۆر و پاڵپشتیكردنی دۆزی كورد لە رۆژئاوا هەبوو، ئەوەشی خستەڕوو كە لە ئەڵمانیا و زۆر شوێنی تری جیهاندا خەڵك هەیە كە دۆست و پشتیوان و هاوسۆزی ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستانن.
ئاماژەشی داوە، سەردار یوكسەل ئەزموونی هەرێمی كوردستانی بە بەرز و بەهادار لە قەڵەم دا كە پێویستە پشتیوانی بكرێت. هەروەها پێزانینشی بۆ رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەبوو لە یارمەتیدان و هاوكاریكردنی لێقەوماوان و ئاوارە و پەنابەران.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باسی لەوە کراوە. بارودۆخی سیاسی و دواگۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆر تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.