کۆڕەک تیلیکۆم: دەستەی راگەیاندن رێککەوتنی هەڵوەشاندووەتەوە و پەنا بۆ دادگا دەبەین

کۆڕەک تیلیکۆم: بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە نادادپەروەرانەیە

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی سەرکۆنەی بڕیارەکانی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقی کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکلایەنەی رێککەوتننامەی ئاشتەوایی و پێدانی مۆڵەتی 4G، و پڕۆسەکە بە هەوڵێک بۆ پەکخستنی کۆمپانیاکە و فیداکردنی دادپەروەری بۆ بەرژەوەندیی تایبەت دەناسێنێت.

دووشەممە 10ـی ئابی 2026، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پێشتر دڵخۆش بوون بە بڕیارێکی لیژنەیەکی دیوانی بۆ راگرتنی رێکارە نادادپەروەرانەکانی دەستەی راگەیاندن بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە 251244 لە 27ـی ئایاری 2020، کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە راسپێردرابوو. لەسەر بنەمای ئەو راسپاردانە، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دەستە لە 22ـی ئەیلوولی 2020 بڕیاری واژۆکردنی گرێبەستێکی ئاشتەوایی لەگەڵ کۆڕەکدا دا، بە مەرجی پێدانی مۆڵەتی کارکردنی هێڵی نەوەی چوارەم (4G) هاوشێوەی دوو کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکەی تر. بەم پێیەش گرێبەستی چارەسەرکردنەکە لە 23ی ئەیلوولی 2020 بە فەرمی واژۆکرا.

کۆمپانیای کۆڕەک دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) تۆمەتبار دەکات بەوەی بەهۆی بەرژەوەندیی تایبەت و رکابەری نادروستەوە پڕۆسەکەی دواخستووە و رێگری لە واژۆکردنی کۆتایی مۆڵەتی 4G کردووە. نووسراوە فەرمییەکان بۆ لادانی ئەو بەربەستانە لە نێوان لایەنە حکومییەکاندا تاوەکو 2ی حوزەیرانی 2026 بەردەوام بوون، بەڵام سەرۆکی دەستەکە پێداگری لەسەر پەکخستنی رێککەوتنەکە کردووە و دواجار لە 2ی حوزەیرانی 2026 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئاشتەواییەکەی داوە، بە ئامانجی زیانگەیاندن بە کۆڕەک و گواستنەوەی سەرجەم بەشداربووانی بۆ سەر ئەو دوو کۆمپانیاکەی تر.

کۆڕەک روونیکردەوە کە سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو لێک تێگەیشتنە، چونکە رێککەوتنەکە لە لایەن پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران و دادگاوە پەسەند کراوە. ئەم جۆرە رێکارە نادادپەروەر و نائاشتییانە زیانێکی گەورە بە ناوبانگی ئابووریی عێراق دەگەیەنن و کاریگەریی نەرێنیی بەرچاویان لەسەر راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی دەبێت.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە خاوەنی بڕیاری کۆتایی دادگایە بۆ وەرگرتنی سەدان ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو لە لایەن دەستەی راگەیاندنەوە، بەڵام بۆ نیشاندانی نیازباکی، جێبەجێکردنی بڕیارەکەی راگرتووە تاوەکو بگەنە چارەسەرێکی یاسایی دۆستانە.

کۆڕەک داوا لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەکات دەستبەجێ دەستوەردان بکات بۆ راگرتنی ئەم نادادپەروەری و زوڵمە بەرامبەر بە کۆمپانیاکەیان، و جەخت دەکاتەوە کە بە هاوکاریی دادگا فیدراڵییەکان سەرجەم رێوشوێنەکان بۆ بەرگریکردن لە مافی یاسایی بەشداربووان و پاراستنی سەروەریی دادپەروەری دەگرێتەبەر.