لە سلێمانی ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند سابیر کوردستانی بەڕێوەدەچێت

کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان، لە چوارچێوەی بەرنامە و چالاکییە هونەری و کولتوورییەکانی خۆیدا، بۆ رێزلێنان لە یاد و خزمەتە هونەرییەکانی هونەرمەندی ناسراوی کورد سابیر کوردستانی، لەژێر ناوی "هەرگیز لە یادت ناکەین"، بەرنامەیەکی تایبەت بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە لە ماڵی کەلەپووری ئەحەی کوڕنوو لە سلێمانی ساز دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی ئابی 2026، جەزای ساز، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم چالاکییە بە ئامانجی زیندووکردنەوەی یاد و ناوی سابیر کوردستانی و ناساندنی زیاتر لە کەسایەتی و بەرهەمە هونەرییەکانی ئەو بە نەوەی نوێ رێکخراوە؛ بەتایبەتی لە کاتێکدا کە پاراستنی یاد و مێژووی هونەرمەندانی کوردستان یەکێکە لە پێویستییە گرنگەکانی بواری کولتوور و هونەر."

گوتیشی، "هونەرمەندانی راستەقینە بە مردنیان کۆتاییان پێ نایەت. ئەوەی لە هونەرمەند دەمێنێتەوە، بەرهەمەکانی، کاریگەرییەکەی و ئەو شوێنەیە کە لە دڵ و بیرەوەریی خەڵکدا دروستی کردووە. سابیر کوردستانی یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە ناوی بە یاد و هونەرەوە بەستراوە و ئێمە دەمانەوێت بە رێکخستنی ئەم بۆنەیە بڵێین کە یاد و خزمەتەکانی لە بیرمان نەچووە."

جەزای ساز باس لە گرنگیی یادکردنەوەی هونەرمەندان دەکات و دەڵێت، "کاتێک باس لە هونەر دەکەین، نابێت تەنیا سەیری ئەمڕۆ بکەین. ئەمڕۆی هونەر لەسەر شانی ئەو هونەرمەندانە دامەزراوە کە پێش ئێمە کار و خەباتیان کردووە. ئەگەر یاد و بەرهەمەکانیان نەناسین و نەیانهێنینەوە ناو بیرەوەریی نەوەی نوێ، بەشێک لە مێژووی خۆمان لەدەست دەدەین."

جەزای ساز ئەوەشی گوت، "ئێمە پێمان وایە ئەو هونەرمەندانەی کە بە ژیانی خۆیان خزمەتی هونەر و کولتووری کوردیان کردووە، شایەنی ئەوەن کە یادەکانیان بەردەوام بکرێت. ئەم کارە تەنیا ئەرکی دامەزراوەیەکی هونەری نییە؛ بەڵکو ئەرکی هەموومانە. چونکە مێژووی هونەر بە ناوی ئەو کەسانە نووسراوە کە بە خۆشەویستی و دڵسۆزی کارەکانیان بەردەوام کردووە."

 دەربارەی ناوی سابیر کوردستانی وەک دەنگێکی زیندووی هونەری کوردی، جەزای ساز دەڵێت، "هونەرمەند کاتێک بەرهەمێکی بۆ خەڵک و بۆ کولتوورەکەی بەجێدەهێڵێت، ئەو بەرهەمە دەبێتە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵگە. بۆیە ئێمە دەمانەوێت یادەکەی سابیر کوردستانی بەردەوام بێت و ناوی لە ناو یادەوەریی هونەریی کوردستاندا زیندوو بمێنێتەوە. هەروەها ئەم چالاکییە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هونەرمەندان و خۆشەویستانی بواری هونەر کۆببنەوە و لە رێگەی یادکردنەوە و باسکردنی ژیان و بەرهەمەکانی سابیر کوردستانی، گرنگیی پاراستنی مێراتی هونەریی کوردستان بخەنەڕوو."

جەزای ساز ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە هیوادارین ئەم بۆنەیە تەنیا یادێک نەبێت، بەڵکو ببێتە دەستپێکی گفتوگۆیەکی زیاتر دەربارەی ژیان و بەرهەمی سابیر کوردستانی و هونەرمەندانی تر. دەبێت منداڵ و گەنجی کورد بزانێت پێش ئەوەی ئەمڕۆی هونەر دروست بێت، کەسانێک هەبوون کە بە زەحمەت و خەبات بناخەکانیان داناوە. بۆیە ئێمە دەڵێین؛ یادەکانیان زیندووە و هەرگیز لەیادیان ناکەین."

ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند سابیر کوردستانی، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی ئابی 2026، لە ماڵی کەلەپووری ئەحەی کوڕنوو لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

سابیر کوردستانی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لەساڵی 1955 لە کەرکووک لەدایکبووە. زۆربەی گۆرانییەکانی رووداوێکی راستەقینەی لە پشتەوەیە، بە تایبەتیی ئەو گۆرانییانەی کە خۆی تێکستەکانی بۆ نووسیوە. سابیر لە منداڵییەوە بەھۆی بەکارھێنانی چارەسەری پزیشکی بەھەڵە بیناییی لەدەست دا. لە ساڵی 1970وە دەستی بە کاری ھونەری کردووە‌ و یەکەم بەرھەمیشی لە ساڵی 1971 تۆمارکردووە. سابیر کوردستانی لە 10ی ئابی 2020، لە تەمەنی 65 ساڵیدا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.