وەزارەتی کارەبا: وادەی دانەوەی قەرزی کۆن درێژ ناکرێتەوە
وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 100 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنی کارەبایان داوەتەوە و هۆشداریش دەدات وادەی داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە، هاوکات کێشەی سیستەمی پسوولەکان چارەسەر کراوە و دابەشکردنی پسوولەی مانگی شەش دەستی پێکردووە.
پرۆسەی دانەوەی قەرزی کۆنی کارەبا، یان ئەو قەرزانەی پێش جێبەجێکردنی پرۆژەی رووناکی لەسەر هاوبەشان کەڵەکە بوون، بەردەوامە و وەزارەتی کارەباش دوایین ئامار و زانیارییەکانی لەو بارەیەوە خستەروو.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا بە کوردستان24ی راگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار هاوبەشی کارەبا قەرزی کۆنی پێش پرۆژەی رووناکییان داوەتەوە.
زۆربەی ئەو کەسانەی قەرزەکەیان گەڕاندووەتەوە هاوبەشانی ماڵانن و لە سەدا 75یان لە رێگەی سیستەمی "ئی-پسوولە"وە پارەکەیان داوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، یەک هەفتە بەسەر دەستپێکردنی بڕیاری داشکاندنی قەرزی کۆن تێپەڕیوە، لە کاتێکدا ئەمڕۆ 11ی مانگە، تەنیا 30 رۆژ لەبەردەم هاووڵاتییاندا ماوە بۆ سوودمەندبوون لەو داشکاندنە، چونکە لە 10ی مانگی نۆ ئەو دەرفەتە کۆتایی دێت و بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هاوبەشانەی لەو ماوەیەدا قەرزەکانیان نادەنەوە، سەرچاوەکەی وەزارەتی کارەبا روونیکردەوە ئەنجوومەنی وەزیران راسپاردەی ئاراستەی وەزارەتی کارەبا و تیمی پرۆژەی رووناکی کردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەرزانە بدەن دوای تەواوبوونی وادەی داشکاندنەکە دەمێننەوە.
لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆژەی رووناکی، سەرچاوەیەک لە تیمی پرۆژەکە ئاشکرای کرد ماوەی چەند رۆژێکە لە رێگەی "ئی-پسوولە"وە، پسوولەی کارەبای مانگی شەش بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە، ئەمڕۆش ئەو پسوولەیە دەگاتە تەواوی هاوبەشانی پرۆژەکە. داواش لە هاووڵاتییان دەکات لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە سەیری هەژمارەکانیان بکەن بۆ زانینی بڕی پارەی مانگی شەش.
سەرچاوەکە دڵنیایی دا بەشێکی ئەو هاوبەشانەی پێشتر پسوولەیان بە سفر بۆ دەهاتەوە کێشەکەیان چارەسەر کراوە و پارەی مانگی شەشیان بۆ دەگەڕێتەوە، لە داهاتووشدا کێشەی تەواوی ئەو هاوبەشانە چارەسەر دەکرێت هەمان گرفتیان هەیە.
بۆ ئەو هاوبەشانەشی لە رێگەی پسوولەی دەستییەوە پارە دەدەن، ئەمڕۆ کارمەندانی خوێندنەوەی پێوەرەکان پسوولەی مانگی شەش دەگەیەننە دەستیان. بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا کورتەنامەیەک بۆ هاوبەشانی کارەبا بنێردرێت، تەواوی وردەکارییەکانی تێدایە لەسەر بڕی بەکارهێنانی کارەبا لە مانگی شەشدا.