لە هەولێر شوێنێک بەناوی 'پلەی زۆن' داخرا

لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بازاڕ بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، شوێنێکی بە ناوی (پلەی زۆن) لە گەڕەکی بەختیاریی شاری هەولێر داخست، ئەوەش بەهۆی بوونی منداڵانی تەمەن خوار 18 ساڵ و بوونی چەند کەموکورتییەکی دیکە لە شوێنەکەدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەردەوامی چاودێریکردنی بازار و رێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوەبەسەرچوو، لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بازاڕ لە گەڕەکی بەختیاریی شاری هەولێر سەردانی (11) شوێنی جیاوازیان کرد.

قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاندووە، لە کۆی ئەو شوێنانەی پشکنینیان بۆ کرابوو، شوێنێک بە ناوی (پلەی زۆن) بڕیاری داخستنی بۆ دەرکرا؛ ئەوەش بەهۆی هەبوونی منداڵانی تەمەن ژێر 18 ساڵ لە شوێنەکەدا و هەبوونی چەند سەرپێچی و کەمپوکوڕییەکی دیکە لە مەرجەکانی کارکردندا.

قایمقامیەتی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە، لە دوای پشکنین و بەدواداچوون بۆ نرخ و کواڵێتی خۆراک و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان، ئەو شوێنانەی کە مۆڵەتی کارکردنیان بەسەرچووبوو یان کەموکوڕیی تریان هەبوو، هۆشدارییان پێدرا تاوەکو لە زووترین کاتدا سەردانی قایمقامیەتی ناوەندیی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان و نەهێشتنی کەموکوڕییەکانیان.