ناتانیاهۆ: ئاڵای ئیسرائیل لە جۆلان دەشەکێتەوە و بەردەوامیش دەبێت

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پێش نەخشەی گەرووی جەلیل و جۆلان، جەختی لە گرنگیی بەرزاییەکانی جۆلان کردەوە بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند کە پاش ناساندنی فەرمی لە لایەن سەرۆک ترەمپەوە، ئێستا کۆڵۆمبیاش هەمان هەنگاوی ناوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ئاماژەکردن بە نەخشەی ناوچەکە ڕایگەیاند: ئەمە دەریای جەلیل (کەنیرەت)ە، ئەمە بەرزاییەکانی جۆلانە، لێرە سووریایە و لێرەش لوبنانە؛ ئەم شوێنە بۆ ئاسایشی ئێمە تەواو گرنگە. ئاڵای ئیسرائیل لێرە دەشەکێتەوە و بە بەردەوامیش لە شەکاندنەوەدا دەبێت، چونکە ئەمە خاکی ئێمەیە.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بە مێژووی دەسەڵاتیان لە ناوچەکەدا کرد و گوتی: ئێمە لێرە خاوەنی مێژووین کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شارەکانی پەناگەی حەزرەتی موسا و دەیان پەرستگای جووەکان (سیناگۆگ)مان لێرەدا هەیە کە ئێستا نۆژەنیان دەکەینەوە و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەمی زایینی. بەڵام ئەمڕۆ ئەم خاکە هی ئێمەیە، گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە هی ئێمە و هەمیشەش هەر بۆ ئێمە دەمێنێتەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ستایشی هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی کرد و ڕایگەیاند: ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانی بە سەروەریی ئێمەدا نا لێرەدا، یەکەمین هەنگاوی گرنگ بوو. ئەمڕۆش، هەنگاوی دووەم لە لایەن کۆڵۆمبیاوە نرا. ئێمە گەلی هاوسۆزی جۆلانین، و گەلی ئێمەش لەگەڵ کۆڵۆمبیادایە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیەندراوێکدا، بە توندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی وەزارەتی دەرەوەی کۆڵۆمبیا کرد و جەختی کردەوە کە جۆلان بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی سووریا و بڕیارەکەی کۆڵۆمبیا پێشێلکردنی زەقی بەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لێدوانەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی و بڕیاری ژمارە 497ـی ئەنجوومەنی ئاسایشە لە ساڵی 1981دا (کە تێیدا سەپاندنی یاساکانی ئیسرائیل بەسەر جۆلاندا بە پووچەڵ و دەستبەجێ هەڵوەشاوە هەژمار دەکات).

هەروەها سووریا سەرنجی خستە سەر گەشەکردنی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سووریابوونی جۆلان، کە لە 97 دەوڵەت لە ساڵی 2024ەوە بۆ 123 دەوڵەت لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەرکۆنەی توندی بڕیارەکەی کۆڵۆمبیای کرد و رایگەیاند جۆلان بەشێکی دانەبڕاوی خاکی سووریایە و عێراق پشتیوانیی تەواوی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و ئەم جۆرە بڕیارانەش هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی یان شەرعی بە داگیرکاری نابەخشن.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سعوودیەش سەرکۆنەی بڕیارەکەی کۆڵۆمبیای کرد و رایگەیاند، ناساندنی جۆلان وەک بەشێک لە ئیسرائیل پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت بڕیاری ژمارە 497ـی ئەنجوومەنی ئاسایشە لە ساڵی 1981 و ئەم جۆرە هەنگاوانە هیچ شەرعیەتێک بە داگیرکاری نابەخشن و دەبنە رێگر لە بەردەم هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش، پێداگری لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی کردەوە کە جۆلان خاکێکی داگیرکراوی سووریایە و رایگەیاند بڕیاری کۆڵۆمبیا بۆ پشتگیریکردنی داگیرکاری ناتوانێت راستییەکان بگۆڕێت، و هۆشداریشی دا هەر جۆرە بڕیارێکی تاکلایەنەی لەم شێوەیە تەنیا دەبێتە بەربەستی سەرەکی لە بەردەم چارەسەری ئاشتیانەی ململانێکان لە ناوچەکەدا.