ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی کۆلۆمبیا 200 کەسی تێپەڕاند

دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژئاوای کۆڵۆمبیا، ژمارەی گیانلەدەستدان 216 کەسی تێپەڕاند و تیمەکانی فریاگوزاریش لە نێو وێرانکارییەکاندا توانییان ئافرەتێک دوای 36 کاتژمێر مانەوە لە ژێر داروپەردوو بە زیندوویی رزگار بکەن.

تیمەکانی فریاگوزاریی کۆڵۆمبیا رایانگەیاند، توانیویانە دانیێلا لارگۆ سانچێزی تەمەن 32 ساڵ لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکدا رزگار بکەن کە بۆ ماوەی 36 کاتژمێر گیریخواردبوو. بە گوێرەی راگەیەندراوی بەرگریی شارستانیی بۆگۆتا، ئەو ئافرەتە 10 کاتژمێر پێش رزگارکردنی شوێنەکەی دیاری کرابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە قووڵایی داروپەردوودا بووە، پرۆسەی دەرهێنانی پێویستی بە کارێکی ورد و کاتێکی زۆر هەبووە.

ئاماژە بەوەش دراوە کە گەڕان بەدوای کەسێکی دیکەدا لە هەمان باڵەخانەدا بەردەوامە کە هێشتا لە ژێر داروپەردوودا ماوەتەوە.

ساندرای دایکی دانیێلا لەبارەی ساتی رزگارکردنی کچەکەی دەڵێت: "خەریک بوو ئومێدمان لەدەست دەدا، بەڵام دواتر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیمان پێ گەیشت و هەواڵی رزگاربوونیان پێداین." وەک دایکی دانیێلا باسی دەکات، سەرەتا هاووڵاتییەکی ناوچەکە گوێی لە هاوار و داوای یارمەتی کچەکەی بووە لە ژێر داروپەردوودا و پێش گەیشتنی تیمە فەرمییەکان، لەگەڵ دراوسێکان دەستیان بە لادانی پارچە چیمەنتۆکان کردووە. دایکی دانیێلا دەشڵێت: "کچەکەم کوڕێکی 12 ساڵانی هەیە و ئێستا تامەزرۆی گەڕانەوەی دایکییەتی."

رۆژی دووشەممەی رابردوو، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلە رۆژئاوای کۆڵۆمبیای هەژاند. لەو کاتەوە هێزە ئەمنییەکان، بەرگریی شارستانی و سەدان خۆبەخش بەردەوامن لە گەڕان لە نێو باڵەخانە رووخاوەکاندا. بە گوێرەی نوێترین ئاماری دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی، تا ئێستا گیانلەدەستدانی 216 کەس بە فەرمی پشتڕاستکراوەتەوە.