لە کەرکووک فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر "گرووپی شانۆی هەوار" بەرهەمهێنرا

 فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر مێژوو و چالاکییەکانی "گرووپی شانۆی هەوار" لە کەرکووک بەرهەمهێنرا؛ بەرهەمێک کە بە شێوازێکی هونەری، گەشتێکی 23 ساڵەی ئەم گرووپە لە شانۆ و سەرکەوتنەکانیدا دەخاتەڕوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی ئابی 2026، نەژاد نەجم، سەرۆکی گرووپی شانۆی هەوار بە کوردستان24ی راگەیاند، "فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکە وەک پردێک وایە لە نێوان رابردووی پڕ لە ئەزموون و سەرکەوتنەکانی گرووپی شانۆی هەوار، بەڵگەفیلمەکە بە شێوازێکی هونەری و سەرنجڕاکێش، هەوڵ دەدات چیرۆکی ساڵانێک لە کار و بەردەوامی و خەباتی هونەرمەندانی ئەم گرووپە بۆ بینەر بگێڕێتەوە."

گوتیشی، "لە ماوەی ئەو 23 ساڵەدا، گرووپی شانۆی هەوار تەنیا بە کارکردن لە ناوخۆی وڵات سنووردار نەبووە، بەڵکو بە بەشداری لە فێستیڤاڵ و بۆنە شانۆییە نێودەوڵەتییەکاندا توانیویەتی  دەنگی شانۆی کوردی بگەیەنێتە دەرەوەی سنوورەکان. ئەم گواستنەوەیە لە ئاستی ناوخۆ بۆ ئاستی نێودەوڵەتی، یەکێکە لەو خاڵە گرنگانەی فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکە تیشک دەخاتە سەری. هەروەها ناوی گرووپەکە بەناوی ئەکتەری سەرەکیی گروپ، «هەوار»، ناونراوە و لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە هەوڵمان داوە گروپێکی ئەکادیمی و بەردەوام دروست بکەین."

 نەژاد نەجم باس لە سەرکەوتنەکانی گرووپەکەیان دەکات و دەڵێت، "ئەم گرووپە لە ماوەی 23 ساڵی کارکردنی بەردەوامدا، زیاتر لە 50 شانۆگەریمان پێشکەش کردووە و لە چوارچێوەی ئەم چالاکییە شانۆییەدا زیاتر لە 40 خەڵاتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتمان بەدەستهێناوە؛ دەستکەوتێک، بەرهەمی ماندووبوون و بەردەوامیی کۆمەڵێک هونەرمەندە کە شانۆیان وەک بواری پیشەیی و ئەکادیمی بەردەوامی پێداوە."

دەربارەی چالاکییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ئەو گرووپە، نەژاد نەجم دەڵێت، "چالاکییەکانی گروپ لە سنووری شانۆگەرییەکان تێنەپەڕیوە، بەڵکو گرووپی شانۆی هەوار، خاوەنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی کەرکووکە و تا ئێستا 10 خولی ئەم فێستیڤاڵەی بەڕێوەبردووە؛ ئەمەش بۆ گروپێکی شانۆیی کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکردووە، بەشێکە لە ئەزموون و پێگەی نێودەوڵەتییەکەی."

نەژاد نەجم ئاماژەی بەوەش دا، "لەناو فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکەدا، سەرکەوتنەکان، شانۆگەرییەکان، خەڵاتەکان و بەشدارییە نێودەوڵەتییەکان وەک بەشێک لە مێژووی گرووپەکەمان تۆمار دەکرێن، بەڵام لە پشت ئەو ژمارە و دەستکەوتانەدا، چیرۆکی ساڵانێک لە کارکردن، فێربوون، ئەزموونکردن و بەردەوامبوون هەیە."

چیرۆکی گرووپی شانۆی هەوار، لە رابردوویەکی پڕ لە تاقیکردنەوە و سەرکەوتنەوە دەگاتە ئێستایەکی گەشاوە؛ ئێستایەک کە گرووپەکە تێیدا هەوڵ دەدات ئەزموونی 23 ساڵەکەی بۆ قۆناخێکی نوێی شانۆی کوردی بگوازێتەوە.