ژمارەیەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە بەغدا و بەعقوبە دەستگیر کران

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی لە بەغدا و بەعقوبە ئەنجام دا، کە تێیدا سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران و دەست بەسەر دوو کیلۆگرام ماددەی کریستاڵیشدا گیرا.

چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی، مەفرەزەکانمان توانیویانە بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لە بازگەی لوج لە بەغدا دەستگیر بکەن.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "لە کاتی لێکۆڵینەوەی مەیدانیدا، تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە بڕێک ماددەی هۆشبەری لەناو ماڵەکەیدا شاردووەتەوە، دەستبەجێ تیمی تاکتیکی بەرەو شوێنەکە بە رێ کەوت و توانی دەست بەسەر یەک کیلۆگرام و نیو ماددەی هۆشبەری کریستاڵدا بگرێت."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا باس لەوە کراوە، "دوای بەدواداچوونی هەواڵگری بۆ جووڵەی دوو تۆمەتباری دیکە کە پیاو و ئافرەتێک بوون، مەفرەزەکانمان توانیویانە لە بازگەی غالیبییە لە بەعقوبە دەستگیریان بکەن، بڕی نزیکەی نیو کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری کریستاڵیان پێبوو."