لە هەولێر فیلمی دۆکیۆمێنتاری "خازر" نمایشکرا

لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، فیلمی دۆکیۆمێنتاری "خازر"، کە لە دەرهێنانی نزار مامەیە، لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایشکرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی ئابی 2026، نزار مامە، دەرهێنەری ئەو فیلمە دۆکیۆمێنتارییە بە کوردستان24ی راگەیاند، "فیلمی دۆکیۆمێنتاری "خازر"، چیرۆکی یەکێک لە گرنگترین قۆناخەکانی شەڕی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی خازر دەگێڕێتەوە. فیلمەکە سەرنجی خۆی دەخاتە سەر ئەو رووداوانەی لەو ناوچەیە روویان دا و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ داعش و هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی خاک و ناوچەکانی دەوروبەر."

گوتیشی، "لە ساڵانی شەڕی داعشدا، خازر بوو بە یەکێک لە گرنگترین هێڵەکانی بەرەی شەڕ لە نزیک موسڵ و هەولێر؛ پێشمەرگە لەو بەرەیەدا بەردەوام لەگەڵ هێزەکانی داعش شەڕی کرد و هەنگاو بە هەنگاو هێزی تیرۆریستانی لەو ناوچەیە دوور خستەوە."

نزار مامە باس لە سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە چەکدارانی داعش دەکات و دەڵێت، "خازز لە رێگەی بەڵگە و وێنەکانی بەرەی شەڕەوە، سەرکەوتن و پێشڕەویی پێشمەرگە بەسەر داعش دەخاتەڕوو؛ لە کاتێکدا هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی خازرەوە فشارێکی سەربازییان لەسەر داعش دروست کرد و هەندێک ناوچە و گوندیان لە دەستی ئەو گرووپە دەرهێنا."

نزار مامە باسی لەوەش کرد، "فیلمەکە باس لە ناوچەی خازر دەکات وەک شوێنی یادەوەرییەکی گرنگ لە مێژووی شەڕی دژی داعش؛ شوێنێک کە پێشمەرگە لە بەرەی پێشەوە رووبەڕووی هێرشەکانی داعش بووەوە و بە بەردەوامی بەرگری و پێشڕەویی کردووە. لەم رووداوانەدا، بەرەی خازر پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە پاراستنی هەولێر و فشارخستنە سەر داعش لە ئاراستەی موسڵەوە هەبوو."

بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، هەموو چوارشەممەیەک کاتژمێر 6ی ئێوارە، بێبەرانبەر فیلمی سینەمایی لە هەولێر لە ئێمپایەر سینەما، نمایش دەکات.