ئەڵمانیا.. حەمە هاشم بەشداری کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی هونەری دەکات

حەمە هاشم، نووسەر و هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بەشداری لە پێنجەمین کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی هونەری لەژێر ناونیشانی "لە لوتکەدا" دەکات، کە لە کریفێڵدی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و دەڵێت، " ئەو کۆڕبەندە بە ئامانجی نزیککردنەوەی ئەزموونی هونەرمەندانی جیهان و دروستکردنی بوارێکی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و شێوازە هونەرییەکان بەڕێوەدەچێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی ئابی 2026، حەمە هاشم، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "من و هونەرمەندانی دیکەی بەشداربوو، لە ماوەی ئەم کۆبوونەوەیەدا بە شێوەیەکی نزیک و هاوبەش کار دەکەین و هەریەکەمان ئەزموون، شێوازی کارکردن و پشتبەستنی کولتووری خۆمان دەخەینە بەردەم بەشداربووانی دیکە؛ بەو شێوەیەش پرۆسەیەکی کراوە بۆ دروستکردنی بەرهەمی نوێ و ئاڵوگۆڕی بیرۆکەی هونەری دروست دەبێت."

گوتیشی، "بەشداریکردنی من لەم کۆڕبەندەدا تەنیا بەشدارییەکی هونەری نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ناساندنی ئەزموونی هونەری کورد و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هونەرمەندانی وڵاتانی جیاواز و بۆ من دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی لەگەڵ هونەرمەندانە کار بکەم لە کولتوور و خوێندنگە و شێوازی هونەری جیاوازن، هەروەها لەم جۆرە کۆبوونەوانەدا هەر هونەرمەندێک شتێکی نوێ لەگەڵ خۆی دەهێنێت و لە هەمان کاتدا شتێکی نوێ لە ئەزموونی ئەوان فێر دەبین."

حەمە هاشم باس لە بەشداری هونەرمەندانی دیکەی کۆڕبەندەکە دەکات و دەڵێت، " بەشداربووانی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی هونەری لە لوتکەدا پێکهاتوون لە هونەرمەندانی وەکو، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، رۆمانیا، رووسیا، ئینگلتەرا، ئێران و وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ بەشداریکردنی من وەک کوردێکی باشووری کوردستان."

دەربارەی گرنگیی بەشداریکردنی لەو کۆڕبەندە نێودەوڵەتییە، حەمە هاشم دەڵێت، "بوونی من لەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییە هونەرییەدا، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کولتوور و دیدگای هونەری کورد لە دەرەوەی سنوورەکان زیاتر بناسرێت. هەروەها ئەمە پێنجەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی کریفێڵدە و بەشداریکردنی من وەک هونەرمەندێک لە باشووری کوردستان، بەشێکە لەم کۆمەڵە هونەرمەندانەی کە لەم خولەدا بە بانگهێشتی پێشوەختە بەشداریی پرۆسەی هونەرییەکە دەکەن."

حەمە هاشم باسی لەوەش کرد، "لە کۆتایی کۆڕبەندەکەدا، بەرهەمە هونەرییە دروستکراوەکان لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا، لە چوارچێوەی پێشانگەیەکی هاوبەش نمایش دەکرێن؛ پێشانگەیەک کە دەبێتە دەرئەنجامی کارکردنی هاوبەشی هونەرمەندانی بەشدار و وێنەیەک لە جیاوازییە کولتووری و هونەرییەکانمان پێشکەش دەکەین."

پێنجەمین کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی هونەری "لە لوتکەدا"، بڕیارە لە 21ی ئابی 2026، بەبەشداری حەمە هاشم هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لە کریفێڵدی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت و ماوەی 8  رۆژ بەردەوام دەبێت.

حەمە هاشم، نووسەر و شێوەکاری کورد و کارمەندی کوردستان24، لە ساڵی 1973 لە شاری کۆیە لەدایک بووە، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی تەواوکردووە، 18 پێشانگە و ئەزموونی تایبەتی شیوەکاری نمایشکردووە لە، کوردستان، فەرەنسا ، ئەڵمانیا، پۆلەندا، ھیندستان، ئەمریکا، میسر، ئێران، تورکیا، بەشداریی لە زیاتر لە 150 پێشانگەی هاوبەشدا کردووە، 10 کتێبی هونەری نووسیوە بە ناوەکانی وەکو، ڤانکۆخ، رۆدان، ھونەری پیرۆز، ھونەری ئەبستراکت، نامەکانی ڤانکۆخ، میکلانجیلۆ.