یونسکۆ: 2.4 ملیۆن کچی ئەفغانی لە خوێندن بێبەشن

ئەفغانستان تاکە وڵاتی جیهانە خوێندن لە ژنان قەدەخە دەکات

دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان، رێکخراوی یونسکۆ ئاشکرای کرد، نزیکەی 2.4 ملیۆن کچ لە خوێندنی ئامادەیی بێبەش کراون. ئەمەش وەک پاشەکشەیەکی مەترسیدار لەو دەستکەوتە پەروەردەییانە دادەنرێت کە لە دوو دەیەی رابردوودا بۆ ژنان و کچانی ئەو وڵاتە بەدەست هاتبوون.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیری (یونسکۆ) رایگەیاند، ئەفغانستان بووەتە تاقە وڵات لەسەر ئاستی جیهان کە بە شێوەیەکی فەرمی خوێندنی کچان و ژنان لە دوای قۆناخی سەرەتایی قەدەخە کردووە. یونسکۆ داوای کردووە دەستبەجێ و بێ مەرج مافی خوێندن بۆ کچان بگڕێتەوە.

لە بەیاننامەکەیدا، یونسکۆ هۆشداری داوە تەنیا کەرتی پەروەردە نییە کە زیانی بەرکەوتووە، بەڵکو ژنان لە زۆربەی کار و پیشەکان دوورخراونەتەوە و رێگرییان لێ دەکرێت بەبێ هاوەڵی پیاو (مەحرەم) گەشت بکەن. یونسکۆ دەڵێت: "رۆڵی ژنان لە ژیانی گشتی سڕاوەتەوە و بەهۆی دروستبوونی نەوەیەکی نوێی کچان بەبێ خوێندن، داهاتووی وڵاتەکە بەرەو تاریکییەکی زیاتر دەچێت."

بەگوێرەی ئامارەکانی یونسکۆ، لە ساڵی 2001دا دەستڕاگەیشتنی کچان بە خوێندن زۆر سنووردار بوو، بەڵام تا ساڵی 2021، ژمارەی کچانی قۆناخی ئامادەیی گەیشتبووە یەک ملیۆن کچ. ئێستا و دوای پێنج ساڵ لە دەسەڵاتی تاڵیبان، ژمارەی ئەو کچانەی لە خوێندن بێبەش کراون گەیشتووەتە 2.4 ملیۆن کچ.

هودا جەبریان، رێکخەری بەرنامەکانی یونسکۆ، رایگەیاند: "ئەم پێنج ساڵە تەنیا دابڕانێکی کاتی نییە، بەڵکو یەکسانە بە خولێکی تەواوی خوێندنی ئامادەیی کە لە تەمەنی منداڵێک فەوتاوە."

یونسکۆ هۆشداری دەدات، ئەم سیاسەتانە قەیرانی ئابووریی ئەفغانستان قووڵتر دەکاتەوە، چونکە ئێستا نیوەی دانیشتووانی وڵات لە ژێر هێڵی هەژاریدان و بێبەشکردنی ژنان لە کارکردن توانای خێزانەکان بۆ دابینکردنی بژێوی کەمدەکاتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، دوورخستنەوەی کچان لە قوتابخانە مەترسییەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە و تێکچوونی باری دەروونی زیاد دەکات. تەنانەت خوێندنی کوڕانیش زیانی بەرکەوتووە، چونکە قەدەخەکردنی مامۆستایانی ژن لە وانەگوتنەوە بە کوڕان، بووەتە هۆی کورتهێنانی گەورە لە ژمارەی مامۆستایان.

سەڕەڕای قەدەخەکارییەکان، یونسکۆ پەنای بۆ بەرنامەی فێرکاری نێو کۆمەڵگە و نەهێشتنی نەخوێندەواری بردووە. تا ئێستا نزیکەی 70 هەزار کەس لەم بەرنامانە سوودمەند بوون کە 73٪یان ژن و کچانن. ئەم وانانە لە نێو ماڵان و سەنتەرە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاگاداری دەسەڵاتداران بەڕێوە دەچن، بەڵام یونسکۆ جەخت دەکاتەوە "ئەم بەرنامانە ناتوانن ببنە جێگرەوەی خوێندنی فەرمی."

لە کۆتاییدا، رێکخراوەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد چاو لە ئاست دۆخی ژنانی ئەفغانستان دانەخەن و جەختی کردەوە، مافی خوێندن "مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە و جێگەی گفتوگۆ و سازش نییە."