گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەبێت تا مانگی 10 کارەکانی پلەبەرزکردنەوە تەواو بکرێن
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: قۆناخی یەکەممان دەستپێکردووە دواتر لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ زیادکردنی بوودجە گفتوگۆ دەکەین.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمی ناوە بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە دەبوو زووتر ئەم هەنگاوە بنرێت بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی ناوچەکەی تێدا بوو کەوتووەتە ئێستا، لە هەنگاوی دووەمماندا لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتووگۆ دەکەین بۆ زیادکردنی بوودجە و تەواوی وردەکارییەکان.
ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانی سەر بە وەزارەت کردووە، رێکارە نوێیەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگەیاند و داوا دەکات تاوەکو سەرەتای مانگی 10ـی ئەمساڵ کارەکان تەواو بکرێن.
لە گشتاندنەکەدا هاتووە، پێویستە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، کارەکانی تایبەت بە وردبینی و ئامادەکردنی لیستی پلەبەرزکردنەوەکان تەواو بکەن. ئەمەش بە مەبەستی جێگیرکردنی مافی دارایی فەرمانبەران و رێکخستنی شایستە داراییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا.
هونەر جەمال گوتی: دەبێت لیژنەی تایبەت لە وەزارەتەکان پێکبهێنرێت بۆ پێداچوونەوە بە میلاکات و پلەکان بەگوێرەی خشتەی هاوپێچکراو. ئامانج لەم هەنگاوە رێکخستنەوەی میلاکاتی گشتی و دابینکردنی شایستە داراییەکانە بە شێوەیەکی یاسایی، تاوەکو لە کاتی وردبینی حکوومەتی فیدراڵ هیچ کێشەیەکی یاسایی و کارگێڕی نەیەتە پێش و مافی فەرمانبەران پارێزراو بێت.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی دوای کۆبوونەوە و رەزامەندییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دێت، ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بەو دۆخەی کە لە ساڵی 2016ەوە دروست ببوو، تێیدا فەرمانبەران سەرەڕای هەبوونی مەرجە یاساییەکان، پلەکانیان بەرز نەدەکرایەوە.