بناس دۆسکی: فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکدەنگن لەبارەی چارەسەری کێشەی بەنزین

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، بەراورد بە گەرووی هورمز، بەرمیلێک 30 دۆلار قازانجی زیاترە بۆ بودجەی گشتی. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، بناس دۆسکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ی کوردستان24 رایگەیاند: پێش گرژییەکانی ناوچەکە، عێراق مانگانە نزیکەی 105 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان و بوونی گەندەڵییەکی زۆر لە کەرتی نەوتی عێراقدا، داهاتی نەوتی عێراق داڕماوە.

گوتیشی: بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تاوەکو تەممووز، داھاتی نەوتی عێراق تەنیا 25 ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا ئەگەر بارودۆخەکە ئارام بووایە و گەندەڵی نەبووایە، عێراق دەیتوانی زیاتر لە 75 ملیار دۆلار نەوت بپڕۆشێت.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق جەختی کردەوە کە بە بەرپرسانی عێراقیان راگەیاندووە؛ لەکاتێکدا ئەوان پێشتر گلەییان لە هەرێمی کوردستان دەکرد، بەڵام دەرکەوت هەرێم بە زۆر باشی کارەکانی جێبەجێ کردووە.

دەشڵێت "هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە قازانجی زۆر زیاترە تاوەکو گەرووی هورمز، چونکە لە رێگەی هەرێمەوە نەوتی عێراق بەرمیلێکی 30 دۆلار گرانتر دەفرۆشرێت بەراورد بە هەناردەکردنی لە گەرووی هورمزەوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بناس دۆسکی ئاماژەی بە هاودەنگیی تەواوی کوتلە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق کرد بۆ داواکردنی مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەنزینی هەرزان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

بناس دۆسکی روونی کردەوە؛ هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ رۆژانە پێویستی بە حەوت ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، لە کاتێکدا ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی ئێستا بەپێی رێککەوتنی کابینەی پێشوو بۆ هەرێم دابین دەکرێت، تەنیا ملیۆنێک و 800 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت.

جەختیشی کردەوە؛ داوایان کردووە پشکی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان بۆ 140 هەزار بەرمیل بەرز بکرێتەوە، چونکە ئەگەر ئەو بڕە دابین بکرێت، 80٪ی گرفتی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بە یەکجاری چارەسەر دەبێت.