شاندی ئیمراڵی: ئیرادەی هاوبەش بۆ سەرخستی پرۆسەی ئاشتی هەیە
شاندی ئیمراڵی سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووە و کۆبوونەوەکەی بە بەرهەمدار ناو برد و رایگەیاندووە، هەر دوولا جەختیان لەم قۆناخەی پرۆسەی ئاشتی کردووەتەوە، کە ئیرادەیەکی هاوبەش هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەکە هەنگاوی زیاتری بۆ بنرێت.
شاندی ئیمراڵی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەردۆغان، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە؛ تیایدا هاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە گرنگیی پەسەندکردنی 'یاسای بەهێزکردنی ئاشتی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی' کراوە، کە لە ناو رای گشتیدا بە "یاسای چوارچێوە" ناسراوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"، ئەو قۆناخەی پێی گەیشتوون و ئەو هەنگاوانەی کە لەمەودوا دەبێت بنرێن، گفتوگۆیان لەسەر کراوە و بیروڕا ئاڵوگۆڕکراوە و هەڵسەنگاندنی هاوبەشیان بۆ قۆناخ و بابەنەکان کردووە.
شاندی ئیمراڵی بڕوای وایە بە پەسەندکردنی یاساکە، دەرگای قۆناخێکی نوێ کراوەتەوە کە تیایدا بواری دیموکراسی و سیاسەت لە تورکیا بەهێز دەبێت، هەروەها ئەم خاڵانەش خراونەتە ڕوو:
"جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەم رێکخستنە یاساییە بۆ هەموو هاووڵاتییان و وڵاتی تورکیا بایەخێکی چارەنووسسازی هەیە. لە کۆبوونەوەکەدا جارێکی دیکە جەخت لە ئیرادەیەکی هاوبەش کرایەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە بڕیارەوە بەردەوام بێت. لەمەودواش بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە بەرژەوەندیی تاک بەتاکی خەڵکی تورکیا بێت و لە رێگەی ئاشتی و دیموکراسیدا پێش بکەوێت، پرۆسەکە بەبێ وەستان، بەردەوام دەبێت."
شاندی ئیمراڵی لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەیان کردووە کە بەشداریان کردووە لەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی دروست بەرەوپێش بچێت.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی ئەنادۆڵو بڵاویکردووەتەوە، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی دەرچووانی ئەکادیمیای جەندەرمە و پاسەوانی کەناراوەکان، گوتارێکی پێشکەش کرد گوتی: ئەو کێشەیەی 40 ساڵە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار هاووڵاتی، بە پشتیوان خودا دەست لەناو دەستی دەوڵەت و گەل بۆ هەمیشە چارەسەر دەکەین. ئەو پێشنیارە یاسایەی سێ رۆژ لەمەوبەر بە دەبگی 467 پەرلەمانتار پەسەند کرا، بە هەنگاوێکی مێژوویی دەبینین".
ئەردۆغان سوپاسی هەموو ئەو کەسایەتیانەشی کرد کە هاوکار و ماندووبوون بە پێشنیازە یاساکەوە و رایگەیاند "سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە ئامادەکردنیەوە تا پەسەندکردنی پێشنیازە یاساکە ماندوو بوون و هاوکار بوون، بەتایبەت باخچەلی و کورتوڵموش.
گوتیشی "ئێمە لە تورکیا هێزی خۆمان نوێ دەکەینەوە و بە هەنگاوی سەلامەت بەرەو ئامانجەکانمان هەنگاو دەنێین و بە هەنگاوە دیپلۆماسییە فرەڕەهەندەکانمان و هاوبەشیە ستراتیجییەکانمان توانای بەرپەرچدانەوەی سەربازییمان پتەوتر دەکەین".
ئەردۆغان راشیگەیاند، پیشەسازیی سەربازی تورکیا لەلایەن وڵاتانەوە بە سەرسامییەوە لێیدەڕوانرێت، هەربۆەی پەرەی زیاتر بە توانای ئەندازیاران و سەرچاوەی مرۆیی تورکیا دەدەن.