کوەیت سەرگەردانی دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوەی گەرووی هورمزە

جەنگیی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، کەرتی نەوتی کوەیتی لە پەلوپۆ خستووەتە و بەجۆرێک لە بازاڕەکانی جیهانی دایبڕاندووە کە لە چەند دەیەی رابردوودا قەیرانێکی وەهای بەخۆیەوە نەبینوە، کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە وایکردووە بە دوای دۆزینەوەی رێگە و دەرچەیەک سەرگەردان بێت.

لە کۆتاییەکانی شوباتی ئەمساڵەوە، لە دوای هێرشە چڕە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پڕوشکی ئاگری جەنگەکە وڵاتانی کەنداوی لە پەیوەندی بازرگانیی دەرەکی لە رێگەی ئاوییەوە دابڕاند، جیا لەمەش بۆ چەند مانگێک بەرهەمهێنانی نەوتی راگرت، بە دیاریکراوی لە کوەیت، ئێستا حکوومەتی کوەیت بە دوای رێگەچارەدایە بۆ خۆبەدوورگرتن لە گەرووی هورمز، لە کاتێکدا دان بەوەدا دەنێت کە رێگەیەکی جێگرەوە ئەستەمە و هەوڵەکانیان ئومێدێکی دڵخۆشکەری نییە. 

هۆکاری زەقبوونەوەی زیانەکان لەسەر کوەیت بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی لەوە دایە، جگە لە گەرووی هورمز، هیچ رێگەیەکی دیکەی لەبەر دەستدا نییە بۆ هەناردە و ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی لە بازاڕەکانی جیهاندا.

داخستنی گەرووەکە بووە هۆی پەککەوتنی کەرتی نەوت، کە نزیکەی 90%ـی داهاتی حکوومەتی کوەیت دابین دەکات. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە نزیکەی 5.3 ملیۆن کەسە و 70%ـیان بیانین.
لە هەمان کاتدا، دامەزراوە نەوتی و ستراتیژییەکانی کوەیت، بە بنکە سەربازییەکانیشییەوە، بە درێژایی شەش مانگی رابردوو کەوتوونەتە بەر هێرشەکانی ئێران.

بە گوێرەی ئامارەکان لەسەرەتای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، زیاتر لە 1350 هێرشی کردووەتە سەر کوەیت، لەنێویاندا 369 یان هێرشی مووشەک و 852 درۆنی بۆمبڕێژکراو بوون، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و وێستگەکانی پاڵاوتەکردنی ئاوی سوێر بوون.

لە بارەی پەککەوتنی کەرتی نەوتی وڵاتەکەی، نەواف سعوود سوباح، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی دامەزراوەی نەوتی کوەیت بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە "بەبێ هیچ گومانێک، ئەمە سەختترین و گەورەترین قەیرانە لە دوای داگیرکاریی عێراق لە ساڵی 1990ـەوە رووبەڕووی کەرتی نەوتی کوەیت بووبێتەوە."

هەروا ئاماژەیداوە، ئەم قەیرانەی ئێستا بەرۆکی کوەتی گرتووەتەوە، یادەوەرییە تاڵەکانی سەردەمی داگیرکاریی عێراقی لە بیرەوەری خەڵکی کوەیت زیندوو کردووەتەوە، تەنیا جیاوازییەکی هەیە، ئێستا قەبارەی وێرانکارییەکانی کەمترە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی دامەزراوەی نەوتی کوەیت گوتی: پێش جەنگی ئێران، رۆژانە زیاتر لە 2.6 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەرهەم دەهێنا و پلانیان وا بووە تا ساڵی 2040 بەرهەمهێنان بۆ چوار ملیۆن بەرمیل بەرز بکەنەوە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان کە تەممووز بڵاو کراونەتەوە، ئابووریی کوەیت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، لەسەر بنەمای ساڵانە بە رێژەی 4.6% دابەزیوە و بەرهەمی ناوخۆیی کەرتی نەوتیش بە رێژەی 12.5% پاشەکشەی کردووە. بەمەش پێشبینی دەکرێت زیانە راستەقینەکان گەورەتر بن، چونکە زانیارییە بەردەستەکانی ئێستا تەنیا ئامارەکانی مانگی یەکەمی جەنگەکە دەردەخەن.

نەواف سعوود سوباح دان بە گرنگیی گەرووی هورمزدا دەنێت و دەڵێت "هیچ جێگرەوەیەکی نییە و ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا ئازادیی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا نەکرێت، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، جیهان رووبەڕووی قەیرانێکی دیکەی وزە دەبێتەوە."