ترەمپ: کەس لە ئێران نەماوە دانوستانی لەگەڵدا بکەین
سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەمزووانە گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی سەر بە ئەمریکا دەناسێنێت و گورزێکی ئابووریی کوشندە لە تاران دەدات. هاوکات جەختی کردەوە گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران وەک "دیوارێکی پۆڵایین" وایە و تەنانەت ئەگەر نرخی سووتەمەنیش بەرز ببێتەوە، هەرگیز داوای لێبوردن ناکات، چونکە رێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی خزمەتێکە بە تەواوی مرۆڤایەتی.
هەینی 14ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: دوای ئەوەی لە تێکشکاندنی ئێران سەرکەوتوو دەبین کە ئێستا بە شێوەیەکی زۆر خراپ تێکشکاوە، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا رایدەگەیەنم کە گەرووی هورمز بووەتە خاک و ناوچەیەکی سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی سوپای ئەمریکا کارێکی بێوێنە دەکات و ئەوەی ئەنجامی دەدەن تەنیا خزمەت نییە بە ئەمریکا، بەڵکو خزمەتکردنە بە تەواوی جیهان. ئاماژەی بە گەمارۆدانی توندی بەندەرەکانی ئێران کرد و گوتی: گەمارۆ دەریاییەکەمان راناگیرێت و وەک دیوارێکی پۆڵایین وایە؛ هیچ کەشتییەک ناتوانێت پێیدا تێپەڕێت مەگەر خۆمان بمانەوێت و رێگەی پێبدەین.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ئەمریکا سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەی بەسەر ئێراندا بەدەستهێناوە و گوتی: هیچ کەسێک پێشبینی ناکات ئێمە چەندە سەرکەوتووین؛ میدیاکان نایانەوێت باسی بکەن و بینوسن، بەڵام هەمووان دەزانن. دەزانن کێ دەزانێت ئێمە چەندە سەرکەوتووین؟ خودی ئێران خۆی دەزانێت
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئێران خاوەنی 212 فڕۆکەی زۆر پێشکەوتوو بوو کە بەشێکیان لە رێگەی رێککەوتنەکانی سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک حسێن ئۆباماوە لە ئەمریکا کڕابوون، بەڵام هەموو ئەو فڕۆکانە بە تەواوی پێکراون، خراونەتە خوارەوە و لەناوچوون.ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران ئێستا هیچ هێزێکی دەریایی نەماوە و کەشتیگەلەکەی بە تەواوی لەناو براوە.
ترەمپ سەرنجی خستە سەر داڕمانی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران و رایگەیاند: ئەوان هیچ سەرکردایەتییەکیان نەماوە؛ نەوەی یەکەم، دووەم و سێیەمی سەرکردەکانیان لەناوچوون. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی من ئەوەیە کە ئێستا هیچ کەس لەوێ نەماوە تا دانوستانی لەگەڵدا بکەم. ئەمە تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە ئێستا کەس ناوێرێت و نایەوێت ببێتە سەرۆک تێیدا.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ترەمپ باسی لە ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا دژ بە قاچاخچییانی ماددەی هۆشبەر کرد و گوتی: ساڵانێکی زۆر ئێمە ئەو بەلەمانەمان دەگرت و دەمانبردنە شاری مەیامی و شوێنەکانی تر، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەمیشە پارێزەری زۆر باشیان هەبوو، لە ماوەی چەند خولەکێکدا ئازاد دەکران و هەمان شەو دەگەڕانەوە ناو دەریا بۆ کاری قاچاخ. بەڵام ئێستا ئیتر ناتوانن هاتوچۆ بکەن، بە رێژەی 97% رێگرییان لێکراوە
ترەمپ رووی دەمی کردە هاووڵاتییانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و گوتی: ئەگەر نرخی بەنزین زیادبووە و گەیشتووەتە 4 دۆلار، لە بیرتان بێت ئێوە لە پێناو ئەوەدا ئەو باجە دەدەن تا وڵاتێکی شەڕەنگێز، نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. من هەرگیز داوای لێبوردن ناکەم لەسەر ئەمە، چونکە بڕیارێکی تەواو راستم داوە.
هەروەها ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا گورزێکی ئابووریی زۆر بەهێز لە ئێران دەدات و گوتی: گرنگ نییە ئەم گورزە ئابوورییە پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس دەبێت یان دوای ئەوە، بەڵام ئێمە گورزێکی ئابووری زۆر سەختیان لێ دەدەین.
هاوکات لەگەڵ قسەکانی ترەمپ، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "نیوزماکس" ئاشکرای کرد، ئیدارەی ترەمپ خۆی بۆ سەپاندنی رێکار و سزای نوێ بەسەر تاران ئامادە دەکات کە رەنگە هەفتەی داهاتوو رابگەیەنرێت.
بێسێنت گوتی: ئەمریکا رێکارگەلێک دەگرێتە بەر کە لە مێژووی گۆشەگیرکردنی ئابووریی هیچ وڵاتێکدا نموونەی نەبووە. ئەو روونی کردەوە ئەم ستراتیژە تێکەڵەیەکە لە گوشاری دارایی سەخت و گەمارۆی تۆکمەی دەریایی، بە جۆرێک کە گەمارۆکە رێگری لە چوون و دەرچوونی هەر کەلوپەل و بازرگانییەک بۆ تەواوی بەندەرەکانی ئێران دەکات.
ئەم هەڕەشە نوێیانە لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات دوای نزیکەی شەش مانگ لە پێکدادان و شەڕی بەردەوام، رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر گەورە بوونەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتن. هەوڵە دیپلۆماسییەکان تووشی چەقبەستوویی هاتوون، بەتایبەت دوای ئەوەی رێککەوتنی مانگی حوزەیرانی نێوانیان هەڵوەشایەوە و ترەمپ لە مانگی تەممووزدا هێرشەکانی دەستپێکردەوە.
لە بەرامبەردا، تاران پێداگری لەسەر مەرجەکانی دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و کردنەوەی گەرووی هورمز، کە لە سەرووی هەموویانەوە، پاشەکشە و کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ناوچەکە، پێدانی قەرەبووی تەواوی زیانەکانی شەڕ لە لایەن واشنتنەوە بە ئێران و سەپاندن و سەلماندنی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی تاران بەسەر گەرووی هورمزدا.