پەیمانگایەکی ئەمریکی: عێراق بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی پێویستی بە کەنداوە
راپۆرتێکی پەیمانگای دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسییەکان (FDD) ئاشکرای دەکات، عێراق لە قەیرانی دارایی سەختدایە و پێویستیی بە هەمەجۆرکردنی رێگاکانی هەناردەکردنی نەوت هەیە، بەتایبەت لە رێگەی وڵاتانی کەنداو و ئیماراتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو دۆخە رزگاری بێت کە بەرۆکی گرتووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، عێراق بۆ دابینکردنی 90٪ـی بودجەکەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. ئێستا ئاستی هەناردەی نەوت بۆ نیوەی ئەو بڕە دابەزیوە کە پێش شەڕە هەرێمییەکان و داخستنی گەرووی هورمز هەبوو (کە 3.4 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێکدا). داهاتی عێراق لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا تەنیا نزیکەی 2 ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا وڵاتەکە مانگانە پێویستی بە 6 ملیار دۆلار هەیە بۆ تێچووی مووچەخۆران، خانەنشینان و کاروباری کۆمەڵایەتی.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کۆمپانیای سۆمۆ پەنای بۆ فرۆشتنی نەوت بە کۆمپانیای ئادنۆکی ئیماراتی بردووە. ئادنۆک لە رێگەی گەشتی تاریکەوە (واتە کوژاندنەوەی سیستەمی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان) نەوتەکە لە گەرووی هورمز دەرباز دەکات بۆ ئەوەی لە هەڕەشەکانی ئێران بەدوور بن، پاشان لە دەرەوەی گەرووەکە نەوتەکە بۆ ناو کەشتیی دیکە دەگوازرێتەوە و بۆ کڕیارە ئاسیاییەکان دەنێردرێت. هەرچەندە ئەم رێگەیە مەترسیی هێرشی ئێرانی لەسەرە، بەڵام بۆ ئێستای عێراق وەک دەرچەیەکی گرنگ دەبینرێت.
پێش داخستنی گەرووی هورمز، 94٪ـی نەوتی عێراق لە رێگەی ئاوەکانی کەنداوەوە هەناردە دەکرا، چونکە 90٪ـی نەوتی وڵاتەکە لە کێڵگەگانی باشوورە و عێراق ژێرخانی پێویستی نییە بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتە بەرەو باکوور. بژاردە بەدیلەکانی وەک هێڵی بۆری عێراق-تورکیا (ITP) بۆ بەندەری جەیهان تەنیا 200 هەزار بەرمیلی لێ دەڕوات، هەروەها گواستنەوە بە تانکەر بۆ بەندەرەکانی سووریا و ئوردن ناتوانن جێگەی کەشتییە زەبەلاحەکان بگرنەوە.
پەیمانگاکە داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، هانی بەغدا بدات بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە وڵاتانی کەنداو. ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ مەبەستی ئابووری نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی باشترکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دوای گرژییەکانی رابردوو، دابینکردنی وەبەرهێنان و کارەبا لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە بۆ عێراق، هەروەها کەمکردنەوەی هەژموون تاران لە ناوخۆی عێراقدا.
راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، بەبێ دۆزینەوەی رێگەی نوێ و پارێزراو بۆ هەناردەکردنی نەوت، حکوومەتی عێراق لە داهاتوودا لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەستکورت دەبێت، بۆیە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو نەک هەر بژاردەیەکی ئابووری، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵاتەکە.