لە ئەڵمانیا پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی تایبەت بە ئازارەکانی ئێزدییەکان کرایەوە
رەوەند جەواد، هونەرمەندی فۆتۆگرافەر، پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بە ناونیشانی "لە تاریکی بەرەو رووناکی"، بە هاوکاری سیوانی ژنانی ئێزدی، لە شاری لونەی وڵاتی ئەڵمانیا کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، رەوەند جەواد، هونەرمەندی فۆتۆگرافەر بە کوردستان24ـی راگەیاند "لەم پێشانگەیەدا 25 فۆتۆم نمایش کرد و هەر یەکێک لە وێنەکان چیرۆکێکی تایبەتی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو، چیرۆکی مرۆڤەکان، ئازارەکان، ئاوارەیی، لەدەستدان و مەرگەسات، بەڵام لە هەمان کاتدا چیرۆکی خۆڕاگری، هیوا و هەوڵدان بۆ ژیانەوە و گەڕانەوە بۆ رووناکی تێدابوو."
گوتیشی "پەیامی سەرەکیی پێشانگەکەم لە ناونیشانەکەیەوە دەست پێدەکات "لە تاریکی بەرەو رووناکی"، ئاماژەیە بەو گۆڕانکارییەی کە مرۆڤ لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگەسات و تاریکییەوە بە ئاراستەی هیوا و ژیان دەیکات. من هەوڵم دا بە زمانی وێنە، ئەو رووداوانە تۆمار بکەم کە تەنیا بە وشە ناتوانرێت هەموو قوڵایییەکەی دەرببڕدرێت."
ئەو فۆتۆگرافەرە باس لە گرنگیی کردنەوەی ئەو پێشانگەیەی دەکات و دەڵێت "ئەم پێشانگەیە 12یەمین پێشانگەی تایبەتی منە و لە هەر فۆتۆیەکدا هەوڵم داوە چیرۆکێک بگێڕمەوە؛ چیرۆکی ئازار، بەڵام لە هەمان کات چیرۆکی خۆڕاگری و هیواشە. بۆ من گرنگە کە ئەوەی بەسەر کوردانی ئێزدی هاتووە تەنیا وەک رووداوێکی مێژوویی نەبینرێت، بەڵکو وەک چیرۆکی مرۆڤەکان ببینرێت."
دەربارەی ئامانجی کردنەوەی پێشانگەکە، رەوەند جەواد دەڵێت، "ئەو پێشانگەیە بە تایبەتی پەیوەندی بە مەرگەساتی شەنگالەوە هەیە؛ ئەو رووداوەی کە لە ساڵی 2014دا بە هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، بووە هۆی کوژران، ئاوارەبوون و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئێزدی و جێهێشتنی شوێن و ماڵ و نیشتمانیان. هەروەها مەبەستی من تەنیا پیشاندانی ئازار نییە، بەڵکو دەمەوێت لە پشت ئەو ئازارانەدا هێزی ژیان و خۆڕاگریی ئەو کۆمەڵگەیەش پیشان بدرێت."
ئەوەش گوت، "کوردانی ئێزدی زۆر جار تووشی ناخۆشی، ناڕەحەتی و مەرگەسات بوونەتەوە. من لە رێگەی فۆتۆگرافییەوە هەوڵ دەدەم ئەو چیرۆکانە تۆمار بکەم و بیانهێنمە پێش چاوی خەڵک. ئەوە بۆ من تەنیا کارێکی هونەری نییە، بەڵکو جۆرێکە لە پاراستنی یادەوەری."
رەوەند جەواد باس لەو خەڵاتە دەکات بەهۆی فۆتۆکانی لە ئەمریکا پێی بەخشراوە و دەڵێت، "لە نێوان 25 فۆتۆکەی پێشانگەکەدا، دوو بەرهەمی من پێشتر لە پێشانگەیەکی ساڵی 2018 لە ئەمریکا بەشدار بوون و لەو پێشانگەیەدا توانیم خەڵاتی سێیەم و خەڵاتی "شانازی بەهێزترین چیرۆک" بەدەستبهێنم؛ خەڵاتێک کە لەلایەن ئینیستیوتی میدڵ ئیست لە واشنتن دیسی پێشکەش کرا."
رەوەند جەواد ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو خەڵاتە بۆ من زۆر گرنگ بوو، بەڵام من ئەو دەستکەوتە تەنیا بە خۆم پەیوەست ناکەم، بەڵکو پێم وایە ئەو خەڵاتە بەشێکە لە دەنگدانەوەی چیرۆکی کوردانی ئێزدی. بۆیە ئەو خەڵاتە بە شانازییەوە پێشکەشی کوردانی ئێزدی دەکەم؛ چونکە ئەو چیرۆکە هی من نییە، هی ئەو خەڵکەیە کە ئەو ئازارانەیان بەسەر هاتووە."
رەوەند جەواد، هونەرمەندی فۆتۆگرافەر، خەڵکی شاری هەولێرە و نزیکەی 11 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی. ئەو لە ساڵی 2011ەوە دەستی بە فۆتۆگرافی کردووە و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هەوڵی داوە فۆتۆگرافی و رۆژنامەوانی و هونەر لە یەکدی نزیک بکاتەوە. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، کارەکانی رەوەند تەنیا لە ئەڵمانیا نەماونەتەوە، بەڵکو پێشانگەکانی لە شارەکانی پاریس و لەندەنیش بەڕێوەچووە.


