سیستەمی کۆبۆن هەڵوەشایەوە و تەنیا یەک جۆر بەنزینی پاڵپشتیکراو دەدرێتە هاووڵاتییان

وێستگەیەکی بەنزین لە هەولێر
وێستگەیەکی بەنزین لە هەولێر

سیستەمی کۆبۆن لە بەنزینخانەکان نامێنێت و بڕیار رۆژانە حکوومەت سێ ملیۆن و 800 هەزار لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو بە 750 دینار دابەش بکات. لەلایەکی دیکەوە هەوڵەکانی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی پشکی سووتەمەنی بەردەوامن.

لەمڕۆ یەکشەممەوە، 16ـی ئابی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە کارتی ئەلیکترۆنی (کۆبۆن) هێنا بۆ وەرگرتنی بەنزین. 

لەمەودوا تەنیا یەک جۆر بەنزین بە ناوی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت لە نزیکەی 100 بەنزینخانەی سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکوومەت یەک لیتر بەنزین بە 700 دینار دەداتە بەنزینخانەکان، ئەوانیش بە 750 دینار دەیفرۆشنە هاووڵاتییان. تێچووی هەر لیترێک لەسەر حکوومەت 1000 دینار تێدەپەڕێنێت، بەڵام بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشی دەکات. 

لەبارەی کوالێتییەکەیەوە، ئەو سەرچاوەیە گوتی، هەمان کوالێتیی بەنزینی 750 دیناریی پێشووە، بە هەمان ستانداردی وەزارەت لە هەردوو پاڵاوتگەی لاناز و کار بەرهەم دەهێندرێت.

بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە ساختەکارییەک، پاڵاوتگەی لاناز کارمەندێکی چاودێری لە هەر بەنزینخانەیەک داناوە بەنزینی بۆ دەنێرێت. 

ئەرکی ئەم کارمەندە چاودێرکردنی پێوەرەکان و عەمبارەکانی بەنزینخانەکەیە، بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە دەستکاریی کوالێتیی بەنزینەکە ناکرێت، هاوکات بۆ رێگریکردن لە شاردنەوەی بەنزین لەلایەن خاوەن بەنزینخانەکانەوە بەمەبەستی فرۆشتنەوەی بە نرخێکی گرانتر لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆیان.

هاوکات نرخی بەنزینی بازرگانی روو لە دابەزین دەکات. بەهزاد عومەر، سەرپەرشتیاری زنجیرە بەنزینخانەکانی "کورد نەفت" بۆ کوردستان24 گوتی، نرخی بەنزینی "موحەسەن" و "سۆپەر" بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو دابەزیوە، ئێستا یەک لیتر بەنزینی باشترکراو بە 2000 دینارە، جۆری نایابیش بە 2300 دینارە. 

باسی لەوەش کرد، ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت لە سێ رۆژی داهاتوودا نرخی ئەم دوو جۆرە بەنزینە 300 دیناری دیکەش دادەبەزێت، چونکە سەرچاوەکەیان بەنزینی ئاساییە و پاش تێکەڵکردنی لەگەڵ چەند ماددەیەکی تایبەت کوالێتییەکەیان بەرز دەکرێتەوە.

 

وردەکاریی دابەشکردنی 3.8 ملیۆن لیترەکە

بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، رۆژانە سێ ملیۆن و 800 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری لە نزیکەی 100 بەنزینخانەی سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. 

دابەشکردنەکەش لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێلە کە زۆرترین رێژەیان (سەروو 50%) لە پارێزگای هەولێرە.


بڕی دابەشکراوی رۆژانە بەم شێوەیەیە:

- هەولێر: یەک ملیۆن و 800 هەزار لیتر (لە 50 بەنزینخانە).

- دهۆک: 720 هەزار لیتر (لە 20 بەنزینخانە).

- سلێمانی: 468 هەزار لیتر (لە 16 بەنزینخانەی سەنتەری شار بەشێوەی 24 کاتژمێری).

- سۆران: 360 هەزار لیتر (لە 10 بەنزینخانە).

- زاخۆ: 252 هەزار لیتر (لە 7 بەنزینخانە).

- راپەڕین: 108 هەزار لیتر (لە رانیە، قەڵادزێ و حاجیاوە).

- گەرمیان: 108 هەزار لیتر (لە کەلار، کفری و دەربەندیخان).

- هەڵەبجە: 72 هەزار لیتر (لە 2 بەنزینخانە).
 

لەسەر ئاستی عێراقیش هەوڵەکان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بەردەوامن. سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، یاداشتێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین بە 169 واژۆوە داوەتە دەستی عەلی زەیدی، چاوەڕوانن بڕیاری لەسەر بدرێت. 

جەختیشی کردەوە، دەبێت عێراق رۆژانە 130,000 بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆ بداتە هەرێمی کوردستان.

 لەبارەی رادەستکردنی 50,000 بەرمیل نەوت بەرانبەر وەرگرتنی سووتەمەنی، شێروانی گوتی، عێراق خۆی رۆژانە 5,000,000 لیتر بەنزین لە ئوردن، سعوودییە و ئیمارات هاوردە دەکات، هەرێمی کوردستانیش رۆژانە پێویستی بە 7,000,000 لیتر بەنزینە، بۆیە ئەستەمە عێراق بتوانێت پێداویستیی هەرێمی کوردستان پڕ بکاتەوە. 

گوتیشی، مسۆگەری نییە ئێمە ئەو نەوتە رادەست بکەین دواتر عێراق وەک کارتی فشار دژی هەرێمی کوردستان بەکاری نەهێنێت.