عەلی زەیدی بڕیاری دا باج و رسوماتی گواستنەوە دەرەکییەکان پێشوەختە وەربگیرێت
سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دا؛ لە سەرەتای ئەیلوولەوە باج و رسوماتی گومرگی لە گواستنەوە دەرەکییەکان پێشوەختە دەبڕدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا، بۆ پاراستنی سامانی گشتی و رێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی سامانی گشتی، لە رۆژی 1ـی ئەیلوولی 2026ـەوە باج و رسوماتی گومرگی لە سەرجەم گواستنەوە و هەناردە دەرەکییەکان، پارەکان پێشوەختە ببڕدرێت.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی لەلایەن ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڵاو کراوەتەوە، ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا لە 6ـی ئابی 2026 بەڕێوەچووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە و ناوەڕۆکەکەی بەم شێوەیەیە، پارەی باج و رسوماتە گومرگییەکانی سەر گواستنەوە دەرەکییەکان، لە 1ـی ئەیلوولەوە بە شێوەی پێشوەختە دەبڕدرێن و وەک (ئەمانات) تۆمار دەکرێن.
ئاماژەی بەوەش داوە، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون کە ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی ورد و خێرا جێبەجێ بکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکان حکوومەتی عێراق ئەم رێکارە دەگرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە، قاچاخی دراوی بیانی، فێڵکردن لە گومرگ و باج لە کاتی ناردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات.
هەروەها کاتێک باج و رسومات لە سەرەتادا وەک "ئەمانات" دەبڕدرێت، واتە پارەکە تا کاتی تەواوبوونی پشکنینی گومرگی و دڵنیابوونەوە لە رەوایی مامەڵە بازرگانییەکە لەلایەن دەوڵەتەوە دەپارێزرێت، دواتر بەپێی پێویست یەکلایی دەکرێتەوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی زیاتر رێکوپێککردن و شەفافکردنی گواستنەوەی پارە لە رێگەی بانک و کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانەوە بۆ دەرەوە، هەرچەندە لە هەمان کاتدا رێکارەکان بۆ بازرگانان تۆزێک قورستر دەکات.