راپرسییەک: 60%ـی هاووڵاتییانی ئەمریکا سیستەمی ئابووریی وڵاتەکەیان بە نادادپەروەر دەزانن

ئەنجامی راپرسییەکی نوێی هاوبەشی نێوان تۆڕی (CBS News) و دامەزراوەی (YouGov) دەریخستووە کە 60%ـی هاووڵاتییانی ئەمریکا پێیان وایە سیستەمی ئابووریی ئێستای وڵاتەکەیان نادادپەروەرە و دەرفەتی یەکسان بۆ سەرکەوتن ناڕەخسێنێت؛ هاوکات گەنجان بە نائومێدترین توێژ لە داهاتووی ئابووریی وڵاتەکە دادەنرێن.

بەپێی راپرسییەکە، 60%ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە، سیستەمی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نادادپەروەرە لە رووی دابینکردنی هەلی سەرکەوتندا، لە بەرامبەردا تەنیا 40%ی ئەمریکییەکان هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنییان بۆ سیستەمەکە هەبووە.

بەشداربووانی ڕاپرسییەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، پرۆسەی کڕین و بوون بە خاوەنی خانوو، خەرجیی چاودێری و بەخێوکردنی منداڵ، و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی دارایی، ئێستا زۆر سەختتر بووە بەراورد بەو بارودۆخەی کە بۆ نەوەکانی پێش خۆیان لەبەردەستدا بووە.

راپرسییەکە دەریخستووە ئەو هاووڵاتییانەی تەمەنیان لە خوار 45 ساڵەوەیە، زیاتر لە هەمووان بڕوایان وایە کە دەرفەتە ئابوورییەکان لە ئەمریکا بەرەو پاشەکشە دەچن، بە جۆرێک کە 53%ی بەشداربووانی ئەم تەمەنە جەختیان کردووەتەوە کە ئەو هەلە ئابوورییانەی لەبەردەستیاندایە رۆژ بە رۆژ کەمتر و تەسکتر دەبنەوە.

لە بەشێکی دیکەی دەرەنجامەکاندا، بۆچوونی ئەمریکییەکان لەسەر سیستەمە فکری و ئابوورییەکان بەم جۆرە دابەش بووە:

- 33%ـی بەشداربووان تێڕوانینێکی نەرێنییان بۆ سیستەمی سەرمایەداری (کاپیتالیزم) هەبووە.

-42%ـی بەشداربووان تێڕوانینی نەرێنییان بەرامبەر بە سیستەمی سۆسیالیزم دەربڕیوە.

-73%ـی هاووڵاتییان پێیان وایە کەلێن و جیاوازییەکی زۆر گەورە لە نێوان داهاتی چینی مامناوەند و چینی دەوڵەمەند و باڵادەستدا لە ئەمریکا دروست بووە.

ئەم راپرسییە لە ماوەی نێوان 12 بۆ 14ـی ئابی 2026 لە لایەن تۆڕی (CBS) و کۆمپانیای (YouGov) ئەنجامدراوە، و 2،287 هاووڵاتیی پێگەیشتووی ئەمریکی لە سەرانسەری ویلایەتەکان تێیدا بەشدار بوون، بە رێژەی هەڵەی دیاریکراوی 2.6%بووە.