قالیباف: رێگریکردن لە هاوکێشەی 'جەنگ و ئاشتی' خاڵی سەرەکیی سەرکەوتنمانە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت، رووبەڕووبوونەوەی ئێستای وڵاتەکەی لەگەڵ نەیارانی جەنگی ئیرادەکانە نەک تەنیا جەنگی سەربازی. جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت ئێران بگاتە ئاستێک لە خۆپارێزی و بەهێزی کە رێگری لە کەوتنە ناو جەنگێکی درێژخایەن بکات.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند "ئەمڕۆ جەنگ، جەنگی ئیرادە و بڕیارە نەک تەنیا جەنگی سەربازی و ئاگر و بۆمباران، لەو هێرشەی لە ماوەیەکی کەمدا کرایە سەر وڵاتەکەمان، زیاتر لەو بیست ساڵەی جەنگی ڤیێتنام بۆمب و مووشەکیان لە ئێران دا، بەڵام خەڵکی ئێمە زۆر بە قورسی و قایمی راوەستان و لە جەنگی ئیرادەشدا دەتوانین سەرکەوتن بەدەستبهێنین."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە رێنماییەکانی رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کرد و گوتی "وەک ڕێبەر فەرمووی؛ بەرگەگرتن بەشێکی بابەتی سەرکەوتنە کە دەبێت هەوڵی بۆ بدەین، بەشەکەی دیکەشی ئەوەیە کە ئێمەی بەرپرسان تووشی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵە نەبین. ئەم دوو خاڵە گرنگترین مەرجی سەرکەوتنی ئێمەن."
قالیباف جەختی لەوەش کردەوە، تەواوکردنی سەرکەوتن بەوە دەبێت کە ئێران بگاتە ئاستێک لە خۆپارێزی (بەرپەرچدانەوە) کە نەکەوێتە بازنەی داخراوی "جەنگ – ئاشتی – جەنگ" و تووشی جەنگێکی درێژخایەن نەبێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونی کردەوە کە جەنگی درێژخایەن لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیدا نییە و گوتی "وڵاتەکەمان دەبێت بکەوێتە دۆخی سەقامگیرییەوە و بەرەو پێشەوە بچێت."
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک پێش ئێستا قالیباف لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کەسایەتی و زانایانی کولتووری، باسی لەوە کرد "کاتێک هێرش کرایە سەر ناوچەی زاحیە و بەرپرسی هەواڵگریی حزبوڵڵا و بنەماڵەکەی کوژران، تاران دەستبەجێ هەڕەشەی توندی کرد و پێی راگەیاندن ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن و رژێمی زایۆنیش وەڵام بداتەوە، ئەوا هێرش دەکەنە سەر تەواوی ناوچەکە"، جەختی کردەوە "ئەم هەڕەشە خێرایە وایکرد ئەمریکا لەو شەوەدا گەمارۆی دەریایی سەر هاتوچۆی کەشتیوانیی ئێرانی هەڵگرێت."