وەزیری دارایی عێراق: بەهۆی داخستنی هورمز کار بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی دەکەین

وەزیری دارایی عێراق: داخستنی هورمز کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابوورییمان هەبووە

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، عێراق یەکەمین بودجەی بەرنامە و کارایی پەسەند دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد داخستنی گەرووی هورمز کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری وڵات دروستکردووە.

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەرەو پەسەندکردنی یەکەمین بودجەی بەرنامە و کارایی لە مێژووی خۆیدا هەنگاو دەنێت، ئەمەش بە مەبەستی بەستنەوەی خەرجییەکان بە ئەنجام و ئامانجەکانەوە.

وەزیری دارایی باسی لە قەیرانەکانی ناوچەکە کرد و گوتی، داخستنی گەرووی هورمز کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری عێراق دروستکردووە، چونکە جووڵەی بازرگانی و هەناردە و رەوتی فرۆشتنی نەوت پەیوەستە بە پێشهاتەکانی ئاسایشی ناوچەکەوە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتەکەی بەردەوامە لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، لەوانەش بەهێزکردن و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، پەرەپێدانی ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی دارایی، لەگەڵ بەردەوامیدان بە رەوتی چاکسازیی ئابووری لە دامەزراوەکاندا.

لە دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2026 گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخرا، ئابووری عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی دارایی بووەوە. 

بەپێی راپۆرتە ئابوورییەکان، زیاتر لە سەدا 90ی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکرێت، بەهۆی داخرانی ئەو گەرووەشەوە، داهاتی نەوتی عێراق لە نزیکەی حەوت ملیار دۆلارەوە بۆ تەنیا یەک ملیار دۆلار لە مانگێکدا دابەزیوە. 

لە بەرانبەر ئەمەشدا، حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەوڵدەدات چاکسازیی لە سیستەمی ئابووری و داراییدا بکات و پشتبەستن بە نەوت کەم بکاتەوە. 

بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی پرۆژەی "بودجەی بەرنامە و کارایی" پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی خەرجییەکان کۆنترۆڵ بکرێن و راستەوخۆ بە ئامانجەکانەوە ببەسترێنەوە، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا بودجەیەک بەم شێوازە دابڕێژرێت.