زیاتر لە 90 پەرلەمانتاری عێراق داوای بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان لە هەولێر دەکەن
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ زیاتر لە 90 پەرلەمانتاری دیکەدا واژۆیان لەسەر داواکارییەک کردووە بۆ بەستنی دانیشتنێکی بەپەلە و نائاسایی پەرلەمانی عێراق لە شاری هەولێر، وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ خەڵکی کوردستان.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، مستەفا کوبەیسی، پەرلەمانتاری عێراق، لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، دەستپێشخەرییەکی پەرلەمانتارانی عێراقی بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد.
کوبەیسی رایگەیاند: لەگەڵ زیاتر لە 90 پەرلەمانتار لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، واژۆمان لەسەر داواکاریی بەستنی دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان لە شاری هەولێر کردووە؛ ئەمەش وەک دەربڕینی هاوسۆزییەکی تەواو لەگەڵ خەڵکەکەمان لە کوردستان، و هەروەها وەک وەڵامدانەوەیەک بەرامبەر بە هەر دەستدرێژییەک کە بکرێتە سەر خاکی عێراق.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری. دەشڵێت، هێرشەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.