نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی و بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی لە هەولێر کرد و داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد کە دۆسیەی ئەم هێرشانە بباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ.
دووشەممە 17ی ئابی 2026، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستان.. داوای «جووڵەی نێودەوڵەتی» دەکرێت و داوا لە بەغدا دەکرێت بابەتەکە بگەیەنێتە ئەنجوومەنی ئاسایش و مافەکانی مرۆڤ.
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو هێرشانە دەربڕی کە کرانە سەر هەرێمی کوردستان، کە دواینیان هێرشەکەی ئەمڕۆ بوو لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کە بەپێی زانیاری و لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆری هەرێم، نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئاژانسی ئاسایش و هەواڵگری (پاراستن)ی لە هەولێر کردە ئامانج.
بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی دانیشتووان و سەقامگیریی دامەزراوەکان و سەلامەتیی پڕۆسەی دیموکراتی لە هەرێم، هەروەها نیگەرانی جددی سەبارەت بە پاراستنی مەدەنییەکان و مافی ژیان و سەلامەتی جەستەیی دروست دەکات، جگە لە کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، کار، سەقامگیری ئابووری و هەلی وەبەرهێنان.
نووسینگەکە جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی دەستوورییە لە چوارچێوەی کۆماری عێراقی فیدراڵ بەپێی دەستووری ساڵی 2005، و پێویستە رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و پاراستنی خاکەکەی و دانیشتووان و دامەزراوەکانی، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.
هەروەها نووسینگەکە جەخت دەکاتەوە کە هەڵسەنگاندنی ئەم هێرشانە دەبێت لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی بێت، لەوانەش بنەماکانی جیاکاری، گونجاوی، زەرورەت و رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی مەدەنییەکان، سەرەڕای هەڵوێستی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ململانێکان لە ناوچەکەدا و بەکارنەهێنانی خاکەکەی وەک سەرچاوەیەک بۆ هەر هێرش، یان کارێکی دوژمنکارانە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا. هەروەها ئاماژە بە بڕیار و هەڵوێستەکانی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ و بەیاننامەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات سەبارەت بە مەترسییەکانی بەکارهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ململانێکاندا لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانی مرۆڤ.
لەسەر ئەم بنەمایە، نووسینگەی رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرکۆنەی هێرشە دووبارەبووەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک دەکات و داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، نامەیەکی ناڕەزایەتی فەرمی سەبارەت بەم هێرشانە ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایش بکات و داوا لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ بکات گفتوگۆ لەسەر کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە جنێف بکات و داوای گرتنەبەری رێکاری گونجاو بکات بۆ دابینکردنی پاراستنی مەدەنییەکان، و رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و پاراستنی خاکەکەی، و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە.
نووسینگەکە دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی بە رێبازی دیموکراتی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، رێزگرتن لە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی، و کارکردن لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا.