چوارچێوەی هەماهەنگی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە توندی هێرشەکەی سەر بارەگای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی سەرکۆنە کرد و وەک "هێرشێکی تیرۆریستی" وەسفی کرد؛ هاوکات گفتوگۆی لەبارەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کرد.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی سەید عەممار حەکیم بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی ناوخۆیی و دەرەکی، بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەسەر هێرشەکەی پیرمام دەربڕی و بە توندی هێرشەکەی سەر بارەگا و نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی سەرکۆنە کرد و بە هێرشی تیرۆریستی ناوی برد .
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کرد و وەک "داواکارییەکی نیشتمانی" وەسفی کرد، و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ئەم پرۆسەیە لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە جێبەجێ بکرێت، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.
چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵسەنگاندنێکی خێرای بۆ قۆناخی 100 رۆژی تەمەنی حکوومەت ئەنجام دا، کە بڕیارە رۆژی هەینیی داهاتوو وادەکەی تەواو بێت، لەگەڵ تاوتوێکردنی کارنامەی حکوومەت لە بوارەکانی خزمەتگوزاری، ئابووری، و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخی ناوچەکە و جیهان کرد، بە مەبەستی داڕشتنی میکانیزمی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر دۆخێکی لەناکاو و سوودوەرگرتن لەو هێمنییە رێژەیییەی کە ئێستا ناوچەکە بەخۆیەوەی دەبینێت.