وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ زووتر و بەگوڕتر دەست پێدەکات

لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە پێشبینییەکانی کەشوهەوای رۆژانی داهاتوو و وەرزی پایز، د. سلێمان عەبدوڵڵا، شارەزای بواری کەشناسی، زانیاری و وردەکاریی تەواوی لەبارەی ئاراستەی پلەکانی گەرما، دیاردە کەشوهەواییەکان و ئەگەری بارانبارینی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

 

پێشبینی پلەکانی گەرما لە کۆتایی مانگی ئاب تا ناوەڕاستی ئەیلوول

د. سلێمان عەبدوڵڵا بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە 18ـی ئاب تاوەکو 26ـی ئاب بەشێوەیەکی گشتی روو لە بەرزبوونەوە بکەن، پلەکانی گەرماش لە نێوان 40  تا 47 پلەی سیلیزی دەبن، بەتایبەتی لە رۆژی 24ـی ئابدا ئەگەری هەیە پلەی گەرما بگاتە 47  پلەی سیلزی.

ئاماژەی بەوەش دا، پیشبینی دەکرێت لە 27ـی ئاب تاوەکو 15ـی ئەیلوول پلەکانی گەرما یەک ئاراستەی جێگیر بەرەو نزمبوونەوە وەرگرن، بەم شێوەیە دەبێت:

-نزمترین پلەی گەرما:  لە بەیانیان دەگاتە 27  پلەی سلیزی.

-بەرزترین پلەی گەرما:  لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا 40  پلەی سیلیزی دەبێت.

-تێکڕای گەرمای رۆژانە:  لە دەوروبەری 32  تا 33 پلەی سیلیزیدا جێگیر دەبێت.

راشیگەیاند، کەشەکە تا رادەیەک گونجاو دەبێت، خولبارین لاوازە و رێژەی شێش نزم دەبێت.

 

بەراوردی نێوان گەرمای مانگی ئابی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی رابردوو

د. سلێمان روونی کردەوە، مانگەکانی 6 و 7 و 8ـی ساڵانی رابردوو گەرمییەکەیان لە ئاستێکی بەرزدابووە، تێکڕای پلەی گەرمای مانگی ئابی ئەمساڵ لەگەڵ مانگەکانی ئابی ساڵانی پێشوو جیاوازییەکی زۆری نییە، بەڵکو نزیکەی1  پلەی سەدی کەمتر یان زیاترە ئەمەش ئاساییە.

 

پێشبینی بارانبارینی پایز

سەبارەت بە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ، شارەزاکەی کەشناسی ئەم وردەکارییانەی خستەڕوو و گوتی: لە ساڵانی زوودا بارانبارین لە مانگی 9دا دەستی پێدەکرد و ئێستاش لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری هەیە لە مانگی 9دا دەست پێبکات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە کوردستان بارانبارین لە مانگی تشرینی یەکەم دەست پێدەکات.

باسی لەوەشکرد، بەپێی داتاکانی وێبسایتی  IRIـی سەر بە زانکۆی کۆڵۆمبیا، ئاماژەی ئەرێنی هەیە کە وەرزی بارانبارین لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی پایزی ئەمساڵ وەرزێکی سەروو نۆرمال یان سەرووی ئاسایی بێت.

د. سلێمان عەبدوڵڵا پێشبینی دەکات بە ئەگەری زیاتر لە %70 ـی بارانی وەرزی پایزی ئەمساڵ لەسەرووی تێکڕا ئاساییەکەی بێت و پایزێکی شێدارتر دەبێت بەراورد بە ساڵانی رابردوو.

گوتیشی: بارانی پایزی ئەمساڵ بەراورد بە تێکڕای ئاسایی ساڵانی 1991  تا 2020 لەسەرووی تێکڕا دەبێت، ئەمەش بە پێچەوانەی پایزی رابردوو کە بارانبارین تیایدا نزیک بوو لە %0 بوو، تەواوی بارانی وەرزەکە لە زستان و بەهاردا باری تا ناوەڕاستی مانگی 5ـی ئەمساڵ 

لەبارەی مەترسی لافاویش ئەو شارەزاەیەی کەشناسیی دەڵێت، دابەشبوونی بارانەکە بەسەر مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم هێشتا روون نییە، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندی بارانی پایز کە بارانێکی بەخوڕە لە ماوەیەکی کورتدا بە دڵۆپی گەورە، ئەگەری زۆر هەیە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لافاو دروست ببێت.