سعوودیە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر هەرێمی کوردستان و نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییان کردە ئامانج، رایشیگەیاند کە ئەمە پێشێلکردنی روونی سەروەریی خاکی عێراقە.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی شانشینی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا، بە تووندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرانە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سعوودیە ئەم هێرشانە بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی کۆماری عێراق و سەلامەتی خاکەکەی دادەنێت. هەروەها جەختی لە رەتکردنەوەی هەموو جۆرە کارێکی دوژمنکارانە کردەوە کە کەسایەتییەکان یان ئاسایشی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق بکەنە ئامانج و هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی وڵاتەکە بدەن.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی دووپات کردەوە لە رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان و پێشێلکردنی سەروەریی خاکیان، داواشی کرد کە پێویستە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باش و یاسا نێودەوڵەتییەکان رێزیان لێ بگیرێت.
ئەم هەڵوێستەی ریاز دوای ئەوە دێت کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج، ئەمەش کاردانەوەی تووندی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لێکەوتەوە.