قەتەر: هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی پێشێلی یاسای نێودەوڵەتییە

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا، ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.

قەتەر لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە بە پێشێلکارییەکی زەق بۆ سەر سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و بەزاندنی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە ناوچەکە لە لێکەوتەکانی هێرشە بێ پاساوەکان دوور بخرێتەوە، هەروەها داوای کردووە لە رێگەی بەردەوامبوون لە گفتوگۆ و رێکارە دیپلۆماسییەکان، گرژییەکان کەم بکرێنەوە، ئەمەش بە مەبەستی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، قەتەر هاوسۆزی و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و رایدەگەیەنێت، پاڵپشتی هەموو ئەو هەنگاو و رێکارانە دەکەن کە بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکە دەگیرێنە بەر.