ئوردن ئیدانەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
شانشینی ئوردن سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بارەگای بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی هەرێم، رایدەگەیەنێت کە ئەمە دەستدرێژییەکی رەتکراوەیە بۆ سەر سەروەریی عێراق.
وەزارەتی دەرەوە و کاروباری کۆچبەرانی شانشینی ئوردن، ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئابی 2026، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئوردن ئەم هێرشانە بە دەستدرێژییەکی رەتکراوە و پێشێلکردنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی کۆماری عێراقی برا دەزانێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن جەختی لە هاوسۆزی و پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، عەممان پاڵپشتی هەموو ئەو هەوڵ و هەنگاوانە دەکات کە بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و سەلامەتیی خاک و سەروەریی عێراق دەگیرێنە بەر.