کوەیت سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکەی سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و بە توندی ئیدانەی کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دوژمنکارانە دەکەین کە بە درۆن کرایە سەر هەرێمی کوردستان و تێیدا نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان کرایە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت راشیگەیاند، بە تەواوی هەر هێرش و پێشێلکارییەک رەتدەکەینەوە کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا دووپاتی کردەوە، پێویستە رێز لە سەروەریی وڵاتان و پاراستنی سەلامەتیی خاکەکەیان بگیرێت، بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان.