بەحرەین هاوسۆزیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، هێرشە درۆنییەکەی ئێرانی بۆ سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی وەک پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتیی باش ناو برد و پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ عێراق و هەرێم لە پێناو پاراستنی سەروەریی خاکەکەیان دووپات کردەوە.

سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی ئێرانی بۆ سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی لە قەزای پیرمام کرد.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم جۆرە هێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارن کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن، هاوکات بە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان، میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی هاوسێیەتیی باش هەژمار دەکرێن.

وەزارەتەکە هاوسۆزیی تەواوی خۆی لەگەڵ عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و پشتگیریی خۆی بۆ هەر هەنگاوێک نیشان دا کە ببێتە هۆی پاراستنی سەروەریی عێراق، یەکپارچەیی خاکەکەی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستاندا، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری حەدید-110 لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچکەی پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.