ئاگرەکەی باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی کۆنتڕۆڵکرا

"هیچ زیانێکی گیانی نەبووە"

ئەو ئاگرەی بەهۆی گڕگرتنی تانکی سووتەمەنییەوە لە باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی کەوتەوە، لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ کرا و هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.

سێشەممە 18ـی ئابی 2026، ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، ئاگرێک لە باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی کەوتووەتەوە و دەستبەجێ لە لایەن تیمە فریاگوزارەکانەوە رێکاری پێویست گیراوەتە بەر.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بۆ گڕگرتنی تانکی کۆکردنەوەی سووتەمەنیی باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی دەگەڕێتەوە.

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لە هەوڵێکی خێرادا توانیویانە بڵێسەی ئاگرەکە بکوژێننەوە و رێگری لە تەشەنەسەندنی بکەن.

پەیامنێری کوردستان24 پشتڕاستی کردەوە کە ئاگرەکە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ کراوە و خۆشبەختانە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە