بەهۆی پرۆژەی ئاوی هەولێرەوە 930 بیری ئاوی ژێرزەوی داخراون
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند: بەهۆی بەگەڕخستنی پرۆژەکانی فریاگوزاری ئاو، ئەمساڵ کێشەکانی کەمئاوی لە سەرانسەری هەرێم بەڕێژەیەکی بەرچاو چارەسەر کراون و تەنیا لە پارێزگای هەولێریش 930 بیری ئاویان داخستووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، رایگەیاند: ئەو کێشە و گرفتانەی لە ساڵانی رابردوودا لە سێکتەری ئاودا هەبوون، ئەمساڵ بەهۆی بەگەڕخستنی پرۆژەکانی فریاگوزاری ئاو بەشێکی زۆریان چارەسەر کراون و رووبەڕووی کەمئاوی نەبووینەتەوە.
پارێزگای هەولێر:
سەبارەت بە شاری هەولێر، ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا، لە کۆی هەزار و 411 بیری ئاو، 930 بیریان داخستووە، ئەمەش بەهۆی سەرکەوتنی پرۆژەی ئاوی فریاگوزاری هەولێر کە توانیویەتی بڕی ئاوی پێویست بۆ هاووڵاتییان دابین بکات و رێگری لە بەفیڕۆدانی ئاوی ژێرزەوی بکات. ئاشکراشی کرد لە قوشتەپە 136 بیر و لە بارزانیش زیاتر لە 58بیر داخراون.
پارێزگای سلێمانی و چەمچەماڵ:
دەربارەی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ گوتی: لە سلێمانی چەند گەڕەکێک کێشەی ئاویان هەبوو، بەڵام دیزاینی هێڵی سێیەمی پرۆژەی ئاوی دووکان تەواو بووە و لە قۆناخی جێبەجێکردندایە کە سەرجەم کێشەکانی ئاوی سلێمانی چارەسەر دەکات.
سەبارەت بە چەمچەماڵیش بڵاوی کردەوە، پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵ 43%ی کارەکانی تەواو بووە، لە حاڵەتی تەرخانکردنی بودجە و نەبوونی ئاستەنگی ئیداری، لە ماوەی هەشت مانگی داهاتوودا پرۆژەکە بە تەواوی کۆتایی پێدێت و کێشەی ئاوی ناوچەکە بنبڕ دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ باسی لەوە کرد، پرۆژەی ئاوی بەردەڕەش لە 40%تەواوبووە، کە سەنتەری قەزا و سێ ناحیە و 50 گوندی دەورووبەری لێی سوودمەند دەبن، هەروەها پرۆژەی ئاوی ئاکرێش 75% تەواوبووە و پرۆژەی ئاوی بارزانیش چەند مانگێک پێش ئێستا تەواوبوو و دانیشتووانی سنوورەکە گرفتی کەمئاویان نەما.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم جەختی کردەوە، پرۆژەی ئاو بۆ هەر یەکە لە، خەبات و کۆیە و کەلار و سۆران دەرچووە و لەگەڵ فراوانکردنی پرۆژەی ئاوی قەندیل، بە تەرخانکردنی بودجەی پێویست سەرجەمیان دەکەونە واری جێبەجێکردنەوە.
دەربارەی دەربەندیخان، ئاری ئەحمەد رایگەیاند: پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان کارکردن تێیدا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا لە 85% پرۆژەکە تەواوبووە.