سەرۆکی حکوومەت دۆخی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ پارێزگار تاوتوێ دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە شاری سلێمانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی ئەنجامدا و راسپاردەی پێویستی دان بۆ گرتنەبەری رێکاری توند بە مەبەستی پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بەدواداچوونی بۆ رووداوە نەخوازراوەکانی ئاگرکەوتنەوەی دوێنێ شەو و ئەمڕۆی شاری سلێمانی کرد.
لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکوومەت نیگەرانیی قووڵی خۆی لە کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە دەربڕی و پارێزگار و بەرپرسانی شارەکەی راسپارد کە رێکارەکانی پاراستنی سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتییان توندتر بکەن.
سەرۆکی حکوومەت لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامی رووداوەکانەوە، هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پارێزگای سلێمانی دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، مەسرور بارزانی هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ ئەو هاووڵاتییانە خواست کە بەهۆی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەکەوە بریندار بوون.