هەولێر.. رەزوان قادر 14یەمین پێشانگەی تایبەت بە تابلۆکانی کردەوە

رەزوان قادر، هونەرمەندی شێوەکار، 14یەمین پێشانگەی تایبەتی خۆی لەژێر ناونیشانی "سەمای فڵچەکان لە سروشتدا"، لە گەلەری میدیای هەولێر کردەوە و دەڵێت، " تابلۆکانم هەوڵێکن بۆ دروستکردنی هەستێکی نوێ لە کۆمەڵگەدا؛ بەوەی هەر تاکێک خۆی بە پارێزەری ژینگە بزانێت. ئەگەر هەموومان بە هەمان هەستەوە مامەڵە لەگەڵ سروشت بکەین، دەتوانین جوانییەکانی کوردستان بۆ نەوەکانی داهاتووش بپارێزین."

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، رەزوان قادر، هونەرمەندی شێوەکار بە کوردستان24ی راگەیاند، "لەم پێشانگەیەدا نزیکەی 25 تابلۆی هونەریم نمایش کردووە؛ تابلۆگەلێک کە هەر یەکێکیان هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی جوانی و دەوڵەمەندیی سروشتی کوردستان بۆ ناو جیهانی هونەر. ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمانە بە تەواوی تەرخانکراوە بۆ سروشت، دیمەنە سەوز و شاخە بەرزەکان، رووبار و دارستان و ئەو جوانییە سروشتییەی کە کوردستان بەهۆیەوە جیاواز و تایبەتە."

گوتیشی، "ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆمەڵە تابلۆیەم تەنیا پیشاندانی جوانی سروشت نییە؛ بەڵکو پەیامێکی ژینگەیی و مرۆییە. هونەر لێرەدا دەبێتە زمانێک بۆ بانگەوازکردن بۆ پاراستنی ئەو سروشتەی کە بە سروشتی خۆی سامان و جوانیی کوردستانە. کاتێک بینەر لە ڕووی تابلۆکانەوە دیمەنێکی پاک، سەوز و ئارام دەبینێت، مەبەست ئەوەیە لە خۆی بپرسێت ئایا ئەو شوێنە لە راستیدا هەر بەو پاکی و جوانییە دەمێنێتەوە."

ئەو شێوەکارە باس لە پەیامی تابلۆکانی دەکات و دەڵێت، "تابلۆکانم ئەو پەیامە دەگەیەنێت، لە کاتی گەشت و سەیراندا، پێویستە هەموومان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین. دەبێت کاتێک دەچینە ناو سروشت، جوانییەکەی وەک خۆی بهێڵینەوە؛ پاشماوە و زبڵ لە شوێنی سەیران جێ نەهێڵین، دار و ڕووەکەکان زیان پێ نەگەیەنین و ئاوی رووبار و سەرچاوە سروشتییەکان پیس نەکەین. چونکە سروشت تەنیا شوێنی گەشت و سەیران نییە؛ بەشێکە لە ناسنامە، ژیان و داهاتووی کۆمەڵگەکەمان."

ئەوەشی گوت، "ئەم تابلۆیانەم هەوڵێکن بۆ دروستکردنی هەستێکی نوێ لە کۆمەڵگەدا؛ بەوەی هەر تاکێک خۆی بە پارێزەری ژینگە بزانێت. ئەگەر هەموومان بە هەمان هەستەوە مامەڵە لەگەڵ سروشت بکەین، دەتوانین جوانییەکانی کوردستان بۆ نەوەکانی داهاتووش بپارێزین."

رەزوان قادر باس لە شێوازی دروستکردنی تابلۆکانی دەکات و دەڵێت، "تابلۆکانم بە رەنگی ئەکریلیک دروستکراون؛ ئەم ماددەیە رێگەم پێداوە رەنگ و رووناکییەکانی سروشت بە شێوەیەکی زیندوو و نزیک لە راستی پیشان بدەم. لە هەمان کاتدا، شێوازی کاری من لە چوارچێوەی قوتابخانەی ریالیزمی واقعیدایە؛ واتە هەوڵم داوە دیمەنەکان بە وردی و لە نزیکترین شێوە بۆ راستی سروشتییان وێنە بکەم."

رەزوان قادر باسی لەوەش کرد، "لە ریالیزمی واقعیدا گرنگییەکی تایبەتم بە وردەکارییەکان داوە؛ شێوەی دارەکان، پەستانی شاخەکان، رووناکیی ئاسمان، سایە و تیشکی خۆر و تەنانەت جیاوازیی تۆنەکانی سەوزییەکان، هەموویان بە وردی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم. مەبەستم ئەوەیە بینەر تەنیا تابلۆیەک نەبینێت، بەڵکو هەست بکات لەبەردەم دیمەنێکی راستەقینەی سروشتی کوردستان وەستاوە."

رەزوان قادر، هونەرمەندی شێوەکار، دانیشتووی شاری هەولێرە. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانە لە بەشی شێوەکاری. ماوەی 30 ساڵە خەریکی کاری هونەرییە. رەزوان قادر تا ئێستا 10 هەزار تابلۆی لەناو قوتابخانەکان کێشاوە. بەشداری 250 پێشانگەی هاوبەشی کردووە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و 14 پێشانگەی تایبەت بەخۆی کردۆتەوە. ناوبراو خاوەنی 8 بڕوانامەی رێزلێنانە لە بواری شێوەکاریدا.