هەڤاڵ ئەبوبەکر: بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت ژمارەیەک لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان پێکهێنران
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند؛ لە سەر هێڵبوونی سەرۆکی حکوومەت و ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنی هەنگاوێکی زۆر باش و پێویست بوو. ئاشکراشی کرد کە بە فەرمانی مەسرور بارزانی ژمارەیەک لێژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری سلێمانی پێکهێنراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر رووداوەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی ئاگرکەوتنەوەکانی سلێمانی پەیوەندی تەلەفۆنی پێوە کردوون و هاوخەمیی خۆی دەربڕیوە، هاوکات هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە. ئاماژەی بەوەش کرد، زانیاری و شیکردنەوەی تەواویان لەسەر ڕووداوەکە داوەتە سەرۆکوەزیران.
پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەش کرد، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت ژمارەیەک لێژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان پێکهێنراون و گوتیشی "پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکوەزیران دەستپێشخەرییەکی زۆر باش و پێویست بوو، بەتایبەت لەو دۆخە چەقبەستووەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە".
لەبارەی هۆکاری رووداوەکان و هەنگاوە ئایندەییەکان، هەڤاڵ ئەبوبەکر روونی کردەوە "داوامان لە مەسرور بارزانی کردووە لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکان بکرێت و دووپاتیشمان کردەوە کە دەبێت بە هەموو شێوەیەک رێگری لە هاوردەکردنی بەنزینی کواڵێتی خراپ بکرێت".
پارێزگاری سلێمانی دڵنیایی دا کە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە خێرایی توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. جەختیشی کردەوە کە تاوەکو ئێستا زانیاریی تەواو لەسەر هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە لەبەر دەستدا نییە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی ساخکردنەوەی هۆکارەکەن.