وەزیری بەرگریی تورکیا هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرکۆنە دەکات
وەزیری بەرگریی تورکیا لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی ئیدانەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی کرد و پشتیوانی و هاوپشتیی وڵاتەکەی بۆ سەرۆکی حکوومەت و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
ئەمرۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، لە پەیامێکیدا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بە نیگەرانییەکی قووڵەوە زانیاریی پێگەیشتووە لەبارەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەت لە هەولێر لەرێگەی دوو درۆنی کامیکازییەوە. گولەر جەختی کردەوە "ئەم هێرشە قبووڵنەکراوەی کە کراوەتە سەر ئارامی، سەقامگیری و ئەمنییەتی ناوچەکەمان بە توندی ئیدانە دەکەم."
وەزیری بەرگریی تورکیا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هەستی هاوپشتیی خۆی و وەزارەتەکەی ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد و هیوای دەربازبوون و سەلامەتی بۆ خواست، راشیگەیاند "دەمەوێت پێتان رابگەیەنم وەکو تورکیا هەمیشە لە تەنیشت دۆستەکانمان دەبین لە دژی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت ناوچەکەمان بخزێننە ناو ئاڵۆزی و کێشەوە."
یاشار گولەر هیواشی خواست لە بەرامبەر تەواوی ئەم رووداوانەدا، ئاشتی و ئەمنییەت لە ناوچەکەدا بەرقەرار ببێت و دراوسێیان بە شێوەیەکی ئارام بەردەوامی بە ژیانی بدات، لە کۆتاییشدا هیوای تەندروستی، سەرکەوتن و خۆشیی بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواست.