تۆم کمیک داوای پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکات
ئەندامێکی پەرلەمانی کەنەدا و سەرۆکی گرووپی دۆستانی کورد لە پەڕلەمانی کەنەدا، لە ئۆتاوا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی دەزگای پاراستن لە هەولێر کرد؛ هاوکات ئەم هێرشانەی بە پەرەسەندنێکی زۆر مەترسیدار لە قەڵەم دا و داوای لە حکوومەتی کەنەدا کرد هاوشانی هاوپەیمانەکانی بە فەرمی سەرکۆنەی هێرشەکە بکات.
سێشەممە 18ـی ئابی 2026، تۆم کمیک، پەرلەمانتاری کەنەدا لە بازنەی کالگاری شپەرد و سەرۆکی گرووپی دۆستانی کورد لە پەڕلەمانی کەنەدا، لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەسەر ئەو هێرشە درۆنییە خستەڕوو کە لە بەرەبەیانی 17ی ئابدا نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی دەزگای پاراستن کردە ئامانج، و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی لێنەکەوتووەتەوە.
پەرلەمانتارەکەی کەنەدا ئاماژەی بە راگەیەندراوی دژەتیرۆری کوردستان کرد کە تێیدا هاتبوو دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی هەولێر کراون؛ باسی لە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە کرد و جەختی کردەوە، دەبێت بە خێرایی و بە شەفافییەت کارەکانی بکات تا ئەنجامدەرانی رووبەڕووی لێپرسینەوە بکرێنەوە.
تۆم کمیک رایگەیاند، ئەم هێرشە بە تەنیا و لەخۆوە رووی نەداوە، بەڵکو بەشێکە لە زنجیرەی سەدان هێرشی مووشەکی و درۆنی کە لە مانگی شوباتەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتیی مەدەنی، و گوتی: بەئامانجگرتنی ئەنقەست و راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتێکی کارا و بەرپرسێکی باڵای ئەمنی، پەرەسەندنێکی جیاواز و لە ئاستێکی یەکجار مەترسیداردایە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی کورد سەرنجی خستە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوولا و رایگەیاند: پەیوەندییەکانی کەنەدا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا رووکەش و ناڕوون نین، بەڵکو هێزە چەکدارەکانی کەنەدا شانی بە شانی پێشمەرگە شەڕی دژ بە داعشیان کردووە؛ هاوکات پەرلەمانتارانی کەنەدا هەمیشە لە هەولێر بە گەرمی لەلایەن حکوومەتی هەرێم و خودی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە پێشوازییان لێکراوە، سەرباری ئەوەی کەنەدا ماڵی رەوەندێکی گەورە و رەسەنی کوردییە.
پەرلەمانتار تۆم کمیک داوای لە حکوومەتی کەنەدا دەکەم پەیوەست بێت بە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمانەوە لە سەرکۆنەکردنی ئاشکرای ئەم هێرشانە، و پشتیوانی و پابەندبوونی کەنەدا بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراقێکی فیدراڵ دووپات بکاتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 17ـی ئاب، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری حەدید-110 لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچکەی پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.
بە گوێرەی راگەیەنراوی دژە تیرۆری کوردستان، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاندبوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن. گوتیشی، هێرشەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.