ئیمارات سەرجەم مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێراندا ڕاگرت

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ناوچەکە کە هەڕەشە لە ئاشتیی نێودەوڵەتی دەکەن، سەرجەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و مامەڵە داراییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تا کاتێکی نادیار بە تەواوەتی راگرتووە.

سێشەممە 18ـی ئابی 2026، عەفرا حاملی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، لە راگەیەندراوێکدا بڕیاری فەرمیی وڵاتەکەی سەبارەت بە راگرتنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ تاران ئاشکرا کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە کە دەبنە مایەی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی، سەرجەم پەیوەندییە بازرگانییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، و تەواوی مامەڵە داراییەکان لەگەڵ ئێران تا کاتێکی نادیار راگیراون

حاملی تەواوی ئەو تۆمەت و دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە لە بارەی دۆخی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئیمارات و کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکرابوونەوە و دووپاتیکردەوە وڵاتەکەی هەمیشە پابەندە بە پرەنسیپەکانی دیالۆگ، هاوکاری و یەکگرتوویی هەرێمی وەک هۆکاری سەرەکی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی کردەوە وڵاتەکەی بە تەواوەتی پابەندە بە پاراستنی دەستپاکی و رێساکانی سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی، بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەرزترین ستانداردە جیهانییەکان.