کۆمەڵەی نووسەرانی فەقێ تەیران: هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی بەئامانجگرتنی سەروەریی هەرێمە
کۆمەڵەی نووسەرانی فەقێ تەیران لە ئەڵمانیا (FSD)، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی ئێرانی بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و هێرشەکەی وەک دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی هەرێم و مۆدێلی سەرکەوتووی خۆبەڕێوەبەریی کورد وەسف کرد؛ هاوکات داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و ناوەندە کوردییەکانی ئەوروپا کرد هەڵوێستی یەکگرتوو وەربگرن.
چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، کۆمەڵەی نووسەرانی فەقێ تەیران لە ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو هێرشە خستەڕوو کە لە 17ـی ئابی 2026دا لە لایەن سوپای ئێرانەوە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن.
لە راگەیەنەدراوەکەدا هاتووە: ئەم هێرشە، کە وەک ئاشکرایە لە لایەن نوێنەرانی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کراوە، بەشێکە لە زنجیرە هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەرێم و دەرئەنجامی سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە دژ بە هەرێمی کوردستان، و دەری دەخات کە لە کاتی رەخسانی هەر دەرفەتێکدا هەوڵی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردستان دەدەن.
کۆمەڵەی نووسەران ئاماژەی بە هۆکارە بنەڕەتییەکانی پشت ئەم هێرشانە کرد و رایگەیاند: دەوڵەتانی ناوچەکە بەردەوام نیگەرانن لە توانای کورد لە بەڕێوەبردنی خۆی بە شێوازێکی سەقامگیر و سەرکەوتوو، و ترسیان لەوە هەیە ببێتە نموونە بۆ پارچەکانی دیکەش. لە دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمەوە تا ئەمڕۆ، کورد و سەرجەم پێکهاتە و کەمینەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکی یاساییدا دەژین کە یەکسانیی تەواوی دەستەبەر کردووە.
دەشڵێت: ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتی و دیموکراسییە کە دەتوانێت ببێتە مۆدێل بۆ سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە وەک مەترسی سەیر دەکرێت، بۆیە بەردەوام هەرێمی کوردستان رووبەڕووی پەلاماری سەربازی، سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسی بووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر ئەم هێرشە وەک رووداوێکی لەناکاو یان بەهەڵە سەیر بکرێت، بەڵکو ئەم هێرشە لە رێگەی بەئامانجگرتنی مەسرور بارزانییەوە، هێرشکردنە بۆ سەر سەروەریی هەرێمی کوردستان کە بە پەیماننامە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان مسۆگەر کراوە و گەرەنتی کراوە.
کۆمەڵەی نووسەرانی فەقێی تەیران داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا دەکەین بێدەنگ نەبن، رێکاری کرداری بگرنە بەر و هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی هەرێمی کوردستان پەیڕەو بکەن؛ هەروەها داوا لە سەرجەم دامەزراوە و رێکخراوە کوردییەکانی ئەوروپا دەکەین بە یەکدەنگی بجووڵێنەوە و هەڵوێستێکی هاوبەشی نیشتمانی لە بەرامبەر ئەم پەلامارانەدا بگرنە بەر.
کۆمەڵەی نووسەرانی فەقێ تەیران هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، سەرجەم دامەزراوە شەرعییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 17ـی ئاب، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری حەدید-110 لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچکەی پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.
بە گوێرەی راگەیەنراوی دژە تیرۆری کوردستان، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاندبوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن. گوتیشی، هێرشەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.